باخچەلی: هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ناشەرعی و نایاساییە
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایدەگەیێنێت، ئێران هی ئێرانییەکانە و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە "ناشەرعی و نایاساییە"؛ هەروەها کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیش بە "ناپاکییەکی تەواو" ناو دەبات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3-3-2026، دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، کاردانەوەی تووندی بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نیشاندا و گوتی: "ئەم دەستدرێژییە ناشەرعی، نایاسایی و ناڕەوایە. ئەمریکا بە هاندان و پیلانی زایۆنیزم هێرشی کردووەتە سەر ئێران."
باخچەلی ئاماژەی بە هێرشەکەی 28ی شوبات کرد، کە تێیدا عەلی خامنەیی و چەند بەرپرسێکی دیکە لە کاتی کۆبوونەوەدا کرانە ئامانج و گوتی: "ئامانجگرتن و کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئایینیی ئێران بە تەواوی ناپاکییە." باخچەلی گوتیشی کە ئەم رووداوە لاوازیی ئاسایشی نێوخۆی ئێرانی دەرخست، چونکە "سیخوڕەکان چوونەتە نێو هەستیارترین و نهێنیترین شوێنەکانی ئێرانەوە."
سەرۆکی مەهەپە جەختی کردەوە کە ئێران خاوەنی دوو هەزار و 500 ساڵ نەریتی دەوڵەتدارییە و پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بکرێت، هۆشداریشی دا کە دابەشکردنی ئێران لەسەر بنەمای ئەتنیکی یان مەزهەبی، دەرەنجامی قورسی بۆ جیهان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، باخچەلی باسی لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر تورکیا کرد و رایگەیاند، هێرشەکانی سەر ئێران وانەی تێدایە بۆ ئەنقەرە و گرنگیی "بەرەی ناوخۆ" دەردەخات، گوتیشی: "جیاکردنەوەی ئەو رووداوانەی بەسەر وڵاتی دراوسێمان ئێراندا دێت لە وڵاتەکەمان، هەم مەحاڵە و هەم بێهۆشییە."
باخچەلی دووپاتی کردەوە کە پێویستە تورکیا گیانی یەکێتیی نیشتمانی و هاودەنگی بەهێز بکات، بەرگریشی لە بانگەوازەکانی بۆ برایەتیی کورد و تورک و ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" کردەوە و رایگەیاند، هەرکەسێک رووبەڕوویان ببێتەوە دەبێت شکۆمەندیی تورکیا قبووڵ بکات.