ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: رێگەنادەین ئەم دەرفەتە لەدەست بچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە خوانێکی بەربانگی تایبەت بۆ پەرلەمانتاران کە ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2026 لە ئەنقەرە سازکرا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکی گوتەکانیدا تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد.
لەبارەی ئەو لایەن و کەسایەتییانەی دژایەتیی پرۆسەی چارەسەری دەکەن، ئەردۆغان گوتی، "هاوشێوەی دوێنێ، سبەیش ئەوانەی ئەم پرۆسەیەیان بۆ قبووڵ ناکرێ و دەیانەوێ تورکیا لەم رێگەیە بگەرێننەوە کە گرتوویەتییەبەر، بە هەموو توانایانەوە هەوڵ دەدەن ئاستەنگ بۆ ئەم پرۆسە خێردارە دروست بکەن. ئێمە گوێ بەوانە نادەین. لەسەر ئەو رێگەیەی پێمان راستە، بە هەنگاوی دڵنیا، پێداگر و بوێرانە بەرەوپێش دەچین. ئەم دەرفەتە لەدەست نادەین و رێگەنادەین بەهەدەر بچێت."
دەستپێشخەریی پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە لە هاوپەیمانیی جمهوورە، کراوە.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "ئێمە وەک ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی پەرلەمان لەپیناو گەیشتنی پرۆسەکە بە دوایین قۆناخ، بە هەستی بەپرسیاریەتییەوە هەنگاو دەنێین."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، کێشەی شەڕی پەکەکە کە نزیکەی نیو سەدەیە زەرەر و زیان بە وڵاتەکە دەگەیەنێت، چارەسەر دەکەن.