ئۆجەلان بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر: ناسنامە و کولتوورێکی راستەقینەی ئاشتی بوو

ووداو دیجیتاڵ

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا نیگەرانیی خۆی بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر نیشاندا و سەرەخۆشیی ئاراستەی گەلانی تورکیا کرد.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئۆندەری بە مرۆڤێکی بەهادار و رۆڵەی راستەقینەی گەلان وەسفکرد و دەڵێت: " تەواوی کۆمەڵگەکان و گەلانی ناوچەکەمان هاوڕێبازێکی گەورەیان لەدەستدا".
 
ئۆجەلان هەروەها باسی دیداری رۆژی راگەیاندنی بانگەوازەکەی هەیە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دوایین دێڕی بانگەوازەکەی سری سورەییا ئۆندەر بە دەستی خۆی نووسیویەتی و دەڵێت: "چالاکی و رەنجدەرییەکی لەبیرنەکراوی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان هەبوو. هونەرێکی وەستایانەی وەهای هەبوو کە تەواوی پێشهاتە نەرێنییەکانی بۆ ئەرێنی دەگۆڕی. ئەو ناسنامە و کولتوورێکی راستەقینەی ئاشتی بوو".
 
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی بوو، ئێوارەی رۆژی شەممە 3-5-2025 کۆچی دوایی کرد. نەخۆشخانەکەش لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە.
 
نەخۆشخانەکە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ئۆندەر بەهۆی لاوازبوون و لەکارکەوتنی بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی، بەرگری نەما و گیانی سپارد.
 
سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت کێشە لە شاخوێنبەری دڵی هەبووە. ئەو کات پزیشکان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتە لێی داوە.