ئەردۆغان: کەمبوونەوەی رێژەی لە دایکبوون لە جەنگ خراپترە
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دیدگەی 10 ساڵەی خێزان و دانیشتووانی وڵاتەکەی راگەیاند و هۆشداری دەدات کە کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون هەڕەشەیەکی "لە جەنگ خراپترە" بۆ سەر تورکیا.
ئەردۆغان گوتیشی، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی 10 ملیۆن کەس کەمدەکات.
سەرۆککۆماری تورکیا دەستخۆشی لە وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەی کرد بۆ هەوڵەکانی لەپێناو تۆکمەکردنی خێزان و زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان. هەروەها سوپاسی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای کرد کە لە بەرامبەرهەڕەشەکاندا پشتیوانی لە شیرازەی خێزان دەکەن.
ئەردۆغان رایگەیاند، هێزی گەلێک تەنیا بە سوپا، ئابووری یان تەکنەلۆجیا ناپێورێت و گوتی: "هێزی گەلێک لەو بەهایانەدایە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە. بڕوام وایە ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەی دیدگەی 10 ساڵەی خێزان و دانیشتوواندا دەنرێن، هێزێکی زیاتر بە خێزان دەبەخشن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها خێزانی بە پەناگە و یەکەمین قوتابخانەی مرۆڤ وەسفکرد و گوتی: "مرۆڤەکان میهرەبانی، بەزەیی و هاوسۆزی سەرەتا لە خێزاندا فێر دەبن. یەکەم تۆوی خۆشەویستی و برایەتی لە خێزاندا دەچێنرێت. خێزان یەکەم ناونیشانی خۆشەویستیی نیشتمان و گەلە. کەسایەتی لەناو خێزاندا دروست دەبێت".
هەروەها رایگەیاند لەڕێی ئەو پلانەوە هەوڵ دەدەن تورکیا بۆ داهاتوو ئامادە بکەن و ئاماژەی بە بڕگەی 41ی دەستووری تورکیا کرد کە دەڵێت (خێزان بناخەی کۆمەڵگەی تورکیایە) و رایگەیاند، خێزانە بەهێزەکان داهاتووێکی گەش و ئارامن بۆ وڵات.
ئەردۆغان بانگەوازی ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە لە ساڵی 2007ــەوە دەستیان بە هەڵمەتیک کرد و داوایان لە خەڵکی وڵاتەکە کرد سێ منداڵ و زیاتر بخەنەوە.
ئەردۆغان رەخنەی لەو سیاسەتانە گرت کە ساڵانی شەستەکان لە وڵاتەکەیدا پەیڕەو کراون کە بەربەستیان لە بەردەم زیادبوونی دانیشتووان دروست دەکرد. ئەردۆغان گوتیشی: "ئەمڕۆ ئەو تێڕوانینەی کە گوایە منداڵ بۆ خێزان و دانیشتووان و بۆ وڵات، بارگرانیە، بە تەواوی هەرەسی هێناوە".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە دابەزینی رێژەی منداڵبوون کرد و گوتی: "رێژەی منداڵبوونمان لە ساڵی 2017وە بۆ خوار 2.1 دابەزیوە. لە ساڵی 2024دا بۆ 1.48 کەم بووەتەوە و پێشبینی دەکەین لە 2025دا زیاتریش دابەزێت. ساڵی 2014 ساڵانە ملیۆنێک و 35 هەزار منداڵ لەدایک دەبوون، بەڵام لە 2023دا ئەم ژمارەیە دابەزی بۆ کەمتر لە ملیۆنێک".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تەمەنی مامناوەندی هاووڵاتیان لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 34.9 ساڵ و رێژەی کەسانی بەتەمەنیش بۆ 11.1% بەرز بووەتەوە.
%20.5ـی ماڵەکان یەک کەسیان تێدایە
ئەردۆغان رایگەیاند، رێژەی ئەو ماڵانەی تەنیا یەک کەسیان تێدایە گەیشتووەتە 20.5%. تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری لای پیاوان بۆ 28 ساڵ و لای ژنان بۆ 26 ساڵ بەرز بووەتەوە. هەروەها گوتیشی: "تورکیا هێشتا 10 ساڵ لە یەکێتیی ئەورووپا گەنجترە، بەڵام دەبێت لە ئێستاوە رێکاری پێویست بگرینە بەر."
لەبارەی هاندانی خەڵک ئەردۆغان گوتی: "سندوقی خێزان و گەنجانمان لە هەموو تورکیا چالاک کرد. بڕی هاوکاری دارایی بۆ ئەو گەنجانەی خێزان پێکدەهێنن لە 150 هەزار لیرەوە بۆ 200 تاوەکو 250 هەزار لیرە زیاد کرد. هەروەها مۆڵەتی دایکایەتیمان بۆ 24 هەفتە زیاد کرد و مۆڵەتی باوکایەتیش بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت کرا بە 10 رۆژ."
ئەردۆغان باسی بنەماکانی دیدگەی دە ساڵەی خێزان و دانیشتووانی کرد و گوتی کە لەمانەی خوارەوە پێکدێن:
1 پاراستنی شیرازەی خێزان و نەوەکان
2 هاندانی هاوسەرگیری
3 زیادکردنی منداڵبوون
4 پێگەیاندنی گەنجان و خۆشگوزەرانیی بەتەمەنەکان
5 گەشەپێدانی لادێکان و دابەشبوونی هاوسەنگی دانیشتووان
هەروەها بڕیاردرا دوایین هەفتەی مانگی ئایار وەک "هەفتەی نیشتمانیی خێزان" پیرۆز بکرێت.
تورکیا بۆچی هانای بردووەتەوە بەر ئەم پلانە؟
حکومەتی تورکیا دوای چەندین کار و راپرسیی مەیدانی، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پاشەکشەیەکی زۆر و چاوەڕواننەکراو لە گەشەی دانیشتووان هەیە؛ بە جۆرێک رێژەی منداڵبوون لە مێژووی کۆماری تورکیادا هێندەی ئێستا دانەبەزیوە.
دیدگەی دەیەی خێزان و دانیشتووان دامەزراوە گشتییەکانی تورکیا پابەند دەکات هەتا سیاسەتی پاراستنی شیرازەی خێزان و ژمارەی دانیشتووان بپارێزن و بۆ گەشەی زیاتر هانی بدەن.
ئەو هەنگاوە ستراتیجیانەی بۆ پاراستنی پێکهاتەی تورکیا و بەهێزکردنی دامەزراوەی خێزان ئامادەکراون، بە فەرمانی سەرۆککۆمار لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە. لەو پلانەدا ئاماژەکراوە، پێکهاتەیەکی تۆکمەی خێزان و دانیشتووان، رۆڵی گرنگ لە سەقامگیری کۆمەڵگەدا دەگێڕێت.
ئەم فەرمانەی سەرۆککۆماری تورکیا بە گەڕانەوە بۆ بڕگەی 41ی دەستووری ئەو وڵاتە هاتووە؛ وەک وەبیر هێنانەوەیەک کە پاراستنی خێزان یەکێکە لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت.
لە فەرمانەکەدا رەخنە لەوە دەگیرێت کە ساڵانێکی زۆرە گەشەی دانیشتووان وەک بەربەستێک لەبەردەم گەشەی ئابووری و دەوڵەت سەیر دەکرێت.
پێشتریش چەندین جار ئەردۆغان باسی مەترسیی کەمبوونەوەی دانیشتووانی کردووە
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە شەشەمین لووتکەی هاوئاهەنگیی ئابووری و گەشەپێدانی رێکخراوەیی لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم کەرتی کار.
ئەردۆغان رایگەیاند: "لەکاتێکدا دانیشتووانمان بەرەو پیربوون دەچێت، هێزی کارمان رووبەڕووی ئاڵنگاری و گوشاری نوێ دەبێتەوە. لە هەندێک سێکتەردا داواکاری بۆ کار کەمبووەتەوە و لە هەندێک کەرتی دیکەشدا بە زەحمەت کارمەند دەستدەکەوێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە ئامارە جیهانییەکان کرد و گوتی، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2030دا پێنج یەکی دانیشتووانی جیهان تەمەنیان سەروو 60 ساڵ بێت، لە ساڵی 2050ـیشدا ئەو رێژەیە بۆ یەک لەسەر چوار بەرز دەبێتەوە.
ئەردۆغان کە بەردەوام داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لانیکەم سێ منداڵیان هەبێت، نیگەرانیی خۆی لە "سیاسەتی دژە زیادبوونی دانیشتووان" پێشاندا و گوتی: "ئێمە ئەو هەڕەشەیەمان بینی، بەڵام نەمانتوانی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین. تەنانەت ئەوانەی بە دۆستی خۆمانیان دەزانین، دژی زیادبوونی دانیشتووانن، ئەمەش خەمبارمان دەکات."
بەگوێرەی گوتەکانی ئەردۆغان، رێژەی لەدایکبوون لە تورکیا لە ئاستی 3ـەوە بۆ خوار 1.5 دابەزیوە، ئەوەش بە "قۆناخێکی مەترسیدار" ناودەبات.
ئەردۆغان: دابەزینی خێرایی رێژەی لەدایکبوون مەترسیدارە
لەکاتی گەڕانەوەی لە قوبرسی باکوورەوە بۆ تورکیا، سێشەممە 22-07-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە چەند تەوەرێکی رۆژەڤ دایەوە.
یەکێک لەو بابەتانەی ئەردۆغان هەڵوەستەی لەسەر کرد و بە نیشانەیەکی 'خراپ و کارەسات' بۆسەر وڵاتەکەی ناوی برد، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون بوو.
ئەردۆغان گوتی، "دابەزینی خێرایی رێژەی لەدایکبوون بۆ خوار 1.5 قۆناخێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە هیچ خێرێکی تێدا نییە. ئێمە لە قۆناخی 3 بووین و ئێستا بۆ خوار 1.5 دابەزیوین. لە کاتێکدا ئامانجی ئێمە زۆر جیاواز بوو، بەڵام لەم بابەتەدا ئێستا لە شوێنێکی باش نین."
سەرۆککۆماری تورکیا رێنوێنیی بە ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی دا، بۆ ئەوەی لە بابەتی منداڵبووندا زیاتر هانی دایبابان بدات.
ئەردۆغان دەیەوێت لەو بابەتەدا کار و چالاکییەکان زیاتر بکرێن و دەڵێت، "لەگەڵ تەواوی زانکۆکاندا لە پەیوەندیدا بین و زیاتر لە جاران خەڵک هۆشیار بکرێنەوە."
حکومەتی تورکیا پاکێجی 'خێزان و ژمارەی دانیشتووان"ی بۆ ماوەی 10 ساڵ راگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەدا پشتگیریی مادی و مەعنەویی ئەو خێزانانە دەکات کە منداڵ دەخەنەوە.
لەوبارەیەوە ئەردۆغان جەختیکردەوە، ئەم پاکێجە تەنیا هاندان نەبێت، بەڵکو پرۆژەی دیکە بۆ تۆکمەکردنی خێزان دەستپێبکرێت.
هەر لە چوارچێوەی هاندانی حکومەت، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری دا ئەو دایک و باوکانەی فەرمانبەرن و منداڵ دەخەنەوە، لەو کاتەدا رێپێدانیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی نیو دەوام بکەن.
رۆژی 20-04-2025 ئەردۆغان لەکاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون لە ئیستەنبووڵ جەختی لەسەر بابەتی منداڵبوون و ژمارەی دانیشتووان کردەوە.
ئەردۆغان گوتی، 10 ساڵی دیکە ژمارەی دانیشتووانی تورکیا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، "لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخەی ئێستا، لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا چاوەڕێ دەکرێت دانیشتووانمان 10 ملیۆن کەم بکات. مێژوونووسێکمان دەڵێت؛ تورکیا بەرەو کابووس دەچێت و دانیشتووانی تورک لە ئەنادۆڵ بەخێرایی بەرەو بەساڵاچوون دەچن. ئەگەر خەڵکی ئێمە فریای خۆی نەکەوێت، توانای ژیان لەم ناوچەیە لەدەستدەدات."
ئەردۆغان جەهەپە تۆمەتبار دەکات
سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات دامەزرێنەر و سەرۆکی ئاکپارتیشە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی لەم بابەتەدا تۆمەتبار کرد بەوەی رۆڵیان لە شێواندنی رەگەز هەیە و پشتگیری لە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە (LGBT) دەکات.
هاوکات لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە نێوەڕاستی سەدەی رابردوودا، گوتی، "لە سەردەمی کۆماریدا، لە ساڵانی 1960، بە هەنگاوێکی هەڵە کە کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوون بوو، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا کەم بووەوە. ئەمە بۆ وڵاتەکەمان هەڕەشەیەکی زۆر لە جەنگ خراپترە."
ئەردۆغان جەختیشیکردەوە، لە وڵاتەکەیدا لەبری ماڵی دوو یان سێ ژووری، ئێستا کۆمپانیاکان زیاتر خانووی یەک ژووری و شێوازی ستۆدیۆ دروستدەکەن. هاوکات ئەمەی بە مەترسی وەسفکرد و گوتی، "ئیدی گەنجان لەو شوێنە بچووکانە دەژین و بە پێویستی نازانن ژیانی هاوژینی پێکبهێنن."
ژمارەی دانیشتووانی تورکیا 87 ملیۆن و 926 هەزار کەسە. بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووان 0.27% زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی، تێکرای رێژەی منداڵبوون لە تورکیا بریتییە لە 1.48 بۆ هەر ئافرەتێک، لە کاتێكدا بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ئەگەر ئەو رێژەیە لە 2.1 کەمتر بێت، واتای ئەوەیە دانیشتووانی رەسەنی ئەو وڵاتە بەرەو کەمبوونەوە دەچن.