پیشەسازیی بەرگریی تورکیا لە چوار مانگدا نزیکەی 3 ملیار دۆلار هەناردەی هەبووە


رووداو دیجیتاڵ

کەرتی پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانیی تورکیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بازدانێکی گەورەی لە هەناردەکردندا تۆمارکردووە و بەهای بەرهەمە هەناردەکراوەکانی گەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیار دۆلار.
 
بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی پیشەسازییەکانی بەرگریی تورکیا، لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی مانگی نیسانی 2026، تورکیا بە بەهای 2 ملیار و 871 ملیۆن دۆلار بەرهەمی بەرگری و فڕۆکەوانیی هەناردە کردووە. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 28% زیادیکردووە.
 
 
تەنیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، کەرتی بەرگریی تورکیا توانیویەتی بە بەهای 962 ملیۆن دۆلار هەناردە بکات، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی مانگانەیە لەمساڵدا تۆمارکرابێت.
 
هالوک گۆرگون، سەرۆکی سەرۆکایەتیی پیشەسازییەکانی بەرگریی تورکیا (SSB)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "سەرەڕای زیادبوونی کێبڕکێی جیهانی
و نادڵنیاییەکان، پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانیی تورکیا ئاستێکی بێوێنەی لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا بەدەستهێناوە."
 
 
بەهای هەناردەکردنی مانگانەی کەرتی بەرگریی تورکیا لەمساڵدا بەمشێوەیە بووە:
 
  - کانوونی دووەم: 554.5 ملیۆن دۆلار.
  - شوبات: 553.4 ملیۆن دۆلار.
  - ئادار: 803 ملیۆن دۆلار.
  - نیسان: 962 ملیۆن دۆلار.
 
کۆی گشتیی هەناردەی پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانیی تورکیا لە پاردا 9 ملیار و 87 ملیۆن دۆلار بووە؛ بەپێی ئەم ئامارانەی چوار مانگی یەکەم بێت، پێشبینی دەکرێت تورکیا لە کۆتایی ئەمساڵدا ریکۆردێکی نوێ لە مێژووی هەناردەکردنی سەربازیدا تۆمار بکات.