لە ئەنقەرە پیاوێکی 81 ساڵ هاوژینە 45 ساڵییەکەی و خۆیشی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 3-7-2023 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا هاووڵاتییەکی تەمەن 81 ساڵ، لەسەر شەقام تەقەی لە هاوژینە 45 ساڵانەکەی کرد و کوشتی، دواتر خۆیشی کوشت.
رووداوەکە لە ناوچەی ماماک-ی رۆژهەڵاتی پارێزگای ئەنقەرە روویدا. بە گوتەی شایەتحاڵان، ئاکیف ئونالی تەمەن 81 ساڵ گومانی لە هاوژینەکەی دۆندو ئونال بووە و گوتوویەتی کە ناپاکی لەگەڵدا دەکات.
ئونال لەسەر شەقامێکی گەڕەکی هارمان دەمەقاڵێی لەگەڵ هاوژینەکەی کردووە و دواتر تەقەی لە هاوژینەکەی کردووە و کوشتوویەتی، پاشان تەقەی لە خۆی کردووە. تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رایانگەیاندووە کە دۆندو ئونال گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئاکیف ئونال بە سەختی بریندار بووە.
کاژێرێک دوای ئەوەی بە برینداری گەیێنراوەتە نەخۆشخانە، ئاکیف ئونالیش گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پلاتفۆرمی 'تاوانی دژ بەژنان دەوەستێنین'، کە رۆژی 3-6-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە باكووری كوردستان و تورکیادا لە مانگی ئایاری ئەمساڵ 40 ژن كوژران و 22 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە 12 ژن لەلایەن هاوژینەكانیان، 3 ژن لەلایەن هاوژینی پێشوویان، 7 ژن لەلایەن خۆشەویستەکانیان، 3 ژن لەلایەن خۆشەویستی پێشوویانەوە، 3 ژن لەلایەن خزمەکانیان، 2 ژن لەلایەن برایان، 2 ژن لەلایەن کەسوکاریان و 8 ژن لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە كوژراون.