بنەماڵەیەکی کورد لە کۆنیا 'هەڕەشەی کۆمەڵکوژکردنیان لێدەکرێت' و کادێنەکەیان دەسووتێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کۆنیای تورکیا، بنەماڵەیەکی کورد کادێنەکەیان سووتا و بە گوتەی خۆیان، لەلایەن "گرووپێک تورکەوە" هەڕەشەیان لێکراوە کە وەکو بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵاری کۆمەڵکوژیان دەکەن.
بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکان، رووداوەکە شەوی رابردوو لە گوندی ساراچئۆغڵوی سەر بە شارۆچکەی کاراتای روویداوە. بنەماڵە کوردەکە لەناکاو ئاگرێکیان لە کادێنەکەیان بینیوە؛ ئاگرەکە بەشێک لە ماڵەکەشی سووتاندوون. بنەماڵەی شان دەڵێن، پێشتر لەلایەن "گرووپێکی تورکەوە" هەڕەشەیان لێکراوە.
ئەرۆڵ شان، کە ئەندامێکی ئەو بنەماڵە کوردەیە، دەڵێت، گومانی هەیە هەریەک لە (هـ. ئـ) و (م. ی. ئـ) ئەو کارەیان کردبێت، چونکە پێشتر هەڕەشیان لێکردوون و گوتوویانە، "هاوشێوەی خانەوادەی دەدەئۆغوڵڵاری دەتانکوژین."
بەگوێرەی گوتەکانی ئەرۆڵ شان، 160 تۆن کا سووتاوە و ئاگرەکە زیانی بە بەشێک لە ماڵەکەشیان گەیاندووە. هەروەها دەڵێت، شەڕ و ناکۆکیی نێوانیان لەسەر ئەوەیە کە ئەو دوو کەسە قەرزداری کوڕەکەی ئەون و نەیانداوەتەوە و بابەتەکەیان خستووەتە قاڵبێکی نەژادپەرستییەوە.
ئەو بنەماڵە کوردە گوتووشیانە، هەوڵدەدەن لەڕێی ئاسایشەوە بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە، بەڵام نازانن هیچیان بۆ دەکرێت یاخود نا، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی تەواو لەسەر ئەوە دەستنەکەوتووە، کە ئەو گرووپە کادێنەکەیان سووتاندووە یان نا.
بنەماڵەی شان پێشتریش چەند جارێک لەگەڵ ئەو گرووپە کێشەیان هەبووە کە دەگوترێت خزمایەتیش لە نێوانیاندا هەیە. ساڵی 2021یش هێرشیانکرایە سەر و لێیاندرا.
رووداوی کۆمەڵکوژیی خانەوادەی دەدەئۆغوڵڵاری
رۆژی 12-5-2022 گرووپێکی تورکی شۆڤێنی هێرشیان کردە سەر ماڵی خێزانێکی کوردی دانیشتووی کۆنیا بەناوی دەدەئۆغوڵڵاری. نزیکەی 30 کەس بەسەر ئەو ماڵە کوردەیان دادا و لێیاندان و سووکایەتییان پێکردن. خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری سکاڵایان تۆمارکرد و هەریەک لە هێرشکاران عەلی کەلەش و لوتفی کەلەش دەستگیرکران و بە بڕیاری دادوەر خرانە گرتووخانە.
رۆژی 30-7-2021 کەسێک بە ناوی محەممەد ئاڵتوون بە چەکەوە هێرشیکردە سەر خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری و لەکاتێکدا ئەوان تەقەی لێکردن و هەموویانی کوشتن. لەو هێرشەدا هەریەک لە یاشار دەدەئۆغوڵڵاری و هاوژینەکەی ئیپەک (57 ساڵ)، کچەکانی؛ سەراپ (33 ساڵ)، سەرپیل (29 ساڵ)، سیبێل (35 ساڵ) و کوڕەکانی؛ مەتین (42 ساڵ) و بارش (31 ساڵ) لەلایەن محەممەد ئاڵتوون کوژران. بکوژ دواتر ماڵەکەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاریی گڕی تێبەردا و سووتاندی.