لە ئاگری دەست بەسەر 2450 حەبی هۆشبەردا گیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئاگری-ی باکووری کوردستان، لە پشکنینی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا دەست بەسەر 2450 حەبی هۆشبەردا گیرا.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای ئاگری، تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگا، بەڕێوەبەرایەتیی لقی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و تاوانی رێکخراو، بەڕێوەبەرایەتیی پاسەوانیی گومرگی گۆربولاک و قاچاخچێتی و هەواڵگری، بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا.
 
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تیمەکان پشکنینیان بۆ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کردووە کە لە ئێرانەوە هاتبووە دەروازەی گومرگیی گۆربولاک. لە ئەنجامدا جگە لە دەستبەسەرداگرتنی 2450 حەبی هۆشبەر، گومانلێکراوێکیش دەستبەسەر کراوە.
 
تورکیا لە گەیاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا خاڵێکی ترانزێتی گرنگە.
 
بەپێی راپۆرتی ماددە هۆشبەرەکانی تورکیا، کە لە ساڵی 2024 وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2023دا لە تورکیا دەستوەردان لە 4650 رووداوی گواستنەوەی کۆکاین کراوە، لەو رووداوانەدا 7026 تۆمەتبار دەستگیر کراون و دەست بەسەر 2502 کلیۆگرام کۆکاییندا گیراوە.
 
بڕی دەستبەسەرداگرتنی کۆکاین لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی پێشووتر بە رێژەی 8.8% زیادیکردووە.