شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی کە هاوکات بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنیی پارتەکەیە، شاندی ئیمراڵی رۆژی دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، دەچێتە دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری دەکات.
شاندەکە لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشوازییان لێکرا
ئەو شاندەی دەم پارتی رۆژی 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەوە یەکەمین دیدار بوو دوای بڕیاری کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا.
ئەردۆغان: بەرهەمی ئەو دیدارە دەبینین
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەی خۆی و شاندی دەم پارتی گوتی: "لە کۆشک پێشوازیمان لە شاندی دەم پارتی کرد. دیدارێکی زۆر بونیاتنەر، بەرهەمدار و پڕ هیوا بۆ داهاتوومان لەگەڵدا سازکردن. پەنا بەخوا لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ئەو دیدارە دەبینین. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور پێمانوایە لەو کارانەی خێریان بۆ وڵات و خەڵک تێدایە، دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنرێت".
دوای دیدارەکە دەم پارتی راگەیێندراوی بڵاوکردەوە
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگییان هەبووە بۆ ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر و دروستتر بەڕێوەبچێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، "شاندەکەمان لە کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، بۆچوون و پێشنیازی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئەو هەنگاوانەی لەمەودوا دەبێت بنرێن، پێشکێشکرد."
شاندەکەی دەم پارتی پێشتریش لە رۆژانی 10 ـی نیسان و 7 ـی تەممووزی ئەم ساڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە