پار لە تورکیا و باکووری کوردستان 6351 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، لە ساڵی 2024دا 6 هەزار و 351 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە.
 
یەرلیکایا رایگەیاند، "لە ساڵی 2024ـدا 6 هەزار و 351 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 385 هەزار و 117 کەسیش برینداربوون. ئەمە ژمارەیەکی زۆرە. پێویستە هەموومان بڵێین بەسە. دەبێت پێکەوە کولتووری هاتووچۆ دروستبکەین."
 
یەرلیکایا دەڵێت، چارەسەر تەنیا سزای هاتووچۆ نییە و پێویستە کولتووری هاتووچۆ پەرەی پێبدرێت.
 
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی شۆفێران رێکارەکانی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن و هەڵەکانی هاتووچۆ کەمببنەوە، رێوشوێنەکان لە ئاستێکی گرنگدان.