لە باڵکئەسیری تورکیا بوومەلەرزە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی سندرگە لە سنووری پارێزگای باڵکئەسیری تورکیا دا بوومەلەرزەیەک روویدا و لە شارەکانی دەورووبەریشیدا هەستی پێکرا.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) گوڕی بوومەلەرزەکە 4.9 پلە بووە.
بوومەلەرزەکە کاژێر 15:35ـی ئەمڕۆ دووشەممە 3-11-2025 روویداوە و چەقەکەی شارۆچکەی سندرگەی سەر بە پارێزگای باڵکئەسیری تورکیا بووە.
ئافاد بڵاویکردووەتەوە، پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، بورسە، مانیسا و ئیزمیریش هەستیان بە لەرینەوە کردووە.
هەتاوەکو ئێستا هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی و ماڵی نییە. شارۆچکەی سندرگە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک هەژاوە.
سندرگە رۆژی 10ی ئابی 2025ــش بە گوڕی 6.1 هەژابوو. ئەوکاتە کەسێک گیانی لەدەستدا و 52ی دیکەش بریندار بوون.
شارۆچکەکە شەوی 27-10-2025 بە هەمان گوری (6.1) هەژا.