وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای روونکردنەوە لە پارتی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەخنە لەو راگەیێندراوە دەگرێت، کە دوێنێ سێشەممە لەلایەن بارەگای بارزانی لەبارەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بڵاوکرایەوە.
 
لەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، کە بە ژمارە 242 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "ئەو راگەیێندراوەی بەناوی گوتەبێژی نووسینگەی بارزانی (2ی کانوونی یەکەم) بڵاوکراوەتەوە و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی کردووەتە ئامانج، لەڕووی شێواز و نێوەڕۆکەوە قبووڵ نەکراوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، بە فەرمی پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK)ـەوە کردووە و دەڵێت، "داوای روونکردنەوەمان لە سەرکردایەتیی پارتی کردووە سەبارەت بەم راگەیێندراوە، کە بانگەشەی بێ بنەمای تێدایە."
 
پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، چوونی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە 'رەزالەت' ناوبردبوو. بارەگای بارزانی بە تووندی وەڵامی باخچەلی دایەوە.
 
رۆژی شەممە 29-11-2025، سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ بەڕێوەچوو.
 
خەڵکی جزیر و باکووری کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لە سەرۆک بارزانی کرد و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە سروود و گۆرانیی کوردانە بڵاوکرانەوە.
 
ئەم دیمەنانە و گرتەی ڤیدیۆیی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و ئاڵای کوردستان کە لەسەر قۆڵیان بوو، کاردانەوەی بەشێکی تورکە نەتەوەپەرستەکانی لێکەوتەوە.