پەرلەمانتارێکی جەهەپە: پەیامەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی زۆر ئەرێنین
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیا ستایشی سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ باکووری کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، پەیامەکانی بۆ ئاشتی "زۆر ئەرێنی بوون"، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی بەرپرسێکی دیکەی پارتەکەیەتی کە رەخنەی لە شێوازی سەردانەکە گرتبوو.
ئینان ئاکگون ئاڵپ، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی قەرس، لە پەرلەمانی تورکیا قسەی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شرنەخ کرد و گوتی: "پەیامەکانی بەڕێز مەسعود بارزانی سەبارەت بە ئاشتیی ناوچەکە، کە کۆتایی هەفتەی رابردوو لەسەر بانگهێشتی پارێزگارمان لە شرنەخ بۆ بەشداریکردن لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری هاتبووە وڵاتەکەمان، زۆر ئەرێنین."
ئینان ئاکگون ئاڵپ سوپاسی خەڵکی جزیری کرد بۆ میواندارییەکەیان و گوتی: "سوپاسی بەڕێز بارزانی دەکەم کە وەڵامی بانگهێشتەکەی پارێزگارمانی دایەوە. سڵاو و رێزم پێشکێش بە خەڵکی جزیر دەکەم کە بە ئەزموونی مێژوویی و پێگەیشتوویی خۆیانەوە میوانداریی سەردانەکەی سەرۆک بارزانیان کرد."
"پێویستە رێز لە پرۆتۆکۆڵ بگیرێت"
پەرلەمانتارەکەی جەهەپە رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان گرت بەرامبەر بە سەرۆک شارەوانییەکان لە کاتی پێشوازیکردنەکەدا و گوتی: "لە کاتی سەردانەکەدا، دەستوەردان دژی سەرۆکانی شارەوانیی جزیر و پێشێلکردنی رێکارەکانی پرۆتۆکۆڵ قبووڵ ناکرێت."
هەروەها گوتیشی: "بە بڕوای من پێویستە سەردانی لەو جۆرە بەپێی رێکارەکانی پرۆتۆکۆڵ و بە شێوەیەک بکرێت کە نەبێتە هۆی دروستبوونی گرژیی نوێ."
ناکۆکی لەنێو جەهەپە
لێدوانەکانی ئەم پەرلەمانتارەی جەهەپە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 2-12-2025 ماهیر باشار، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە تووندی رەخنەی لە شێوازی هاتنی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی گرت.
ماهیر باشار گوتبووی: "ئەمە کێشەی مانەوە و ئاسایشە. دەمەوێت لە پارێزگار بپرسم، کاتێک ئەو پاسەوانانە بەو چەکانەوە هاتن، چۆن رێگریتان لێنەکرد؟ تۆ پارێزگاری منیت، ناچاریت ئاسایش دابین بکەیت. ئەمە ئابڕووچوونە و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە کۆماری تورکیا بە بچووک ببینێت."
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شاری شرنەخ و جزیر بە مەبەستی بەشداریکردن بوو لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری، کە لەلایەن زانکۆی شرنەخ و بە پاڵپشتیی پارێزگاری شارەکە رێکخرابوو.