20 ملیۆن کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا جگەرەکێشن؛ 'واز لە جگەرە بهێنە چارەسەرت دەکەم'
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا و باکووری کوردستان لەکۆی 85 ملیۆن کەس نزیکەی 20 ملیۆنیان جگەرەکێشن کە دەکاتە رێژەی 27.3%.
نەخۆشخانەی فێرکاریی وان لە باکووری کوردستان، رۆژانە خەڵک بە نەخۆشیی جیاواز سەردانی دەکەن، یەکێک لەو نەخۆشانەی سەردانی کردووە، چیرۆکی سەردانەکەی لە هەموو جیاوازترە، نەوزاد ئایدن کاتێک دەچێتە ئەوێ، پزیشکێک پێشنیازی تەرککردنی جگەرەی بۆ دەکات لە بەرامبەر چارەسەری نەخۆشییەکەی و ئەویش بە داواکەی رازی دەبێت.
نەوزاد ئایدن، خۆی چیرۆکەکەی گێڕایەوە و گوتی، "دوو شەو منیان لە چاودێریی چڕ خەواند. پیاوێکی پاکوخاوێن لە دەرەوە گوتی چیتە؟ گوتم گەدەم بریندارە. گوتی حەیف نییە جگەرە دەکێشیت؟ ئینجا گوتی من پزیشکم و بەڵێنت پێدەدەم ئەگەر جگەرە فڕێ بدەیت، بە یەک مانگ چارەسەرت دەکەم. منیش و ئەویش بەڵێنەکانمان بردەسەر."
پزیشکانی ئەم نەخۆشخانەیە دەڵێن، زیاتر لە نیوەی نەخۆشەکان بەهۆی جگەرەوە کەوتوونەتە ئەم دۆخە. نەوزاد کە ساڵانێک بوو، رۆژانە دوو پاکەت جگەرەی دەکێشا و گوێی بە قسەی کەس نەدەدا، پزیشکێک بە یەک رستە، بۆچوونی گۆڕی. ئەو ئێستا رۆژانە سەردانی ئەو پزیشکە دەکات. پشکنینی تایبەتی بۆ دەکرێت و چارەسەر و رێنمایی پێدەدرێت.
رەمزی ساریکایا، ئەو پزیشکەیە چارەسەری نەوزادی کردووە و دەڵێت، "رۆژێک ئەوم بینی لە کاتی دەرچوونی لە نەخۆشخانە جگەرەی دەکێشا. منیش بەڵێنم پێیدا کە ئەگەر واز لە جگەرە بهێنێت، ماوەی مانگێک بە بەردەوامی چارەسەری تایبەتی بۆ بکەم. دڵخۆشین! راستە نەخۆشەکە یەک کەسە، بەڵام لەڕووی هۆشیارییەوە زۆر گرنگە."
بە گوێرەی راپۆرتێکی دەزگەی باجی بەکاربردنی ئەوروپی (OTV) 27.3٪ـی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا رۆژانە جگەرە دەکێشن. واتا نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە کۆی 85 ملیۆن.