ئامەدسپۆر پێشەنگی گەڕی یەکەمی خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیایە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر گەڕی یەکەمی خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیای بە کۆکردنەوەی 39 خاڵ، بە پلەی یەکەم تەواوکرد.
 
ئامەدسپۆر کە تاکە نوێنەری ئامەدی باکووری کوردستانە، لە کۆی 19 یاریی گەڕی یەکەمی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، توانیویەتی 12یان بباتەوە. هەروەها لە 3 یاریدا یەکسان بووە و 4 یاریشی دۆڕاندووە. 
بەمجۆرە 39 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی یەکەمی خولەکەی گرتووە.
 
ئامەدسپۆر لە وەرزی 2023-2024 لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا لە کۆمەڵەی سوور یاری کرد و توانی بە کۆکردنەوەی 80 خاڵ پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوان. ئەو یانەیە لە کۆی 35 یاری 24 بردنەوە، 8 یەکسانبوونی تۆمارکرد و تەنیا سێ دۆڕانی هەبوو. ئامەدسپۆر 73 گۆڵی تۆمارکرد و 26 گۆڵی لێکرا.  
 
دووەم و سێیەم
 
یانەی پەندیک سپۆر بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ و یانەی ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ لە پلەی سێیەمە.
 
ئامەدسپۆر بەرەو سوپەرلیگی تورکیا 
 
یانەی ئامەدسپۆر کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام لە سەرکەوتندایە، ئەگەر ئەمساڵ بەم ئاستەی بمینێتەوە، دەگاتە سوپەرلیگی تورکیا و بەرامبەر یانەکانی گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە، بێشیکتاش و ترابزۆن یاری دەکات.
 
ئامەدسپۆر (AMED S.F.K)، ساڵی 1972 دامەزراوە. سەرەتا ناوی یانەی گەورەشارەوانیی دیاربەکر بوو، بەڵام دواتر گۆڕدرا بۆ یانەی ئامەدسپۆر و لە وەرزی 2013-2014ـەوە و لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی کرد. 
  
ئامەدسپۆر و دیاربەکرسپۆر دوو یانەی جیاوازن
 
دیاربەکرسپۆر و ئامەدسپۆر دوو یانەی جیاوازن و هەردووکیان نوێنەرایەتیی پارێزگای ئامەد دەکەن. 
ئامەدسپۆر لە خولی یانەپلە یەکەکان و دیاربەکرسپۆر کە 24-6- 1968 دامەزراوە و رەنگی درێسەکەی سوور و سەوزە، لە خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا یاری دەکات.