سەلچووق بایراکتار لەبارەی رفاندنی مادورۆ: پێشێلی سەروەری و بێبایەخکردنی یاسایە

رووداو دیجیتاڵ

سەلچووق بایراکتار، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای بایکار رایگەیاند، نادادی و نایاسایی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بوونەتە راستەقینە و گوتی: "تەواوی پێشهاتەکان جارێکی دیکە ئەوەیان سەلماندەوە، کە دەسپێشخەریی تەکنەلۆجیای نیشتمانی بۆ وڵاتەکەمان و تەواوی ناوچەی دۆست و براکانمان، پێویستییەکە کە دەستی لێ هەڵناگیرێت".
 
بایراکتار، رۆژی یەکشەممە 4-1-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بۆچوونی خۆی لەبارەی پێشهاتەکانی ئێستای سیستمی نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە و دەڵێ: "لە ژینگەیەکدا کە بەهێز بێهێز دەچەوسێنێتەوە، مەحاڵە کەس هەست بە ئارامی بکات".
 
سەلچووق بایراکتار کە هاوکات زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە  لەبارەی ئەو ململانێ و ئۆپەراسیۆنانەی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دەکرێن رایگەیاند، "لە بۆردوومانکردنی شارەکان بە مووشەکەوە تاوەکو دەگاتە رفاندنی سەرۆکی دەوڵەتان لەڕێی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، هەموویان یەک ئەنجامی بنەڕەتییان هەیە."
 
بایراکتار باسی لەوە کرد، "هەرچەندە شێوازەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەنجامەکە هەر پێشێلکردنی سەروەری، بێبایەخکردنی ژیانی مرۆڤ و لەناوبردنی یاسایە."
 
سەلچووق بایراکتار دەڵێت: "مەرجی مانەوە لە جیهانێکی ئاوادا، بونیاتنانی هێز، توانای بەرپەرچدانەوە و سەربەخۆیی خۆتە. رێگەی پاراستن لەم پشێوییە وێرانکەرە، بەهێزبوونە لە چوارچێوەی یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانیدا".
 
سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای بایکار لەبارەی وڵاتەکەی گوتی: "ئێمە وەک تورکیا تەنیا بە هەڵوێستێکی بەهێز دەتوانین داهاتووی منداڵەکانمان لەم سیستمە نوێ و نادادییەی جیهان بپارێزین. تورکیایەکی بەهێز، لەڕێگەی تەکنەلۆژیای نیشتمانی، بەرهەمهێنان و هەنگاوی بڕیارلێدراو بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی دەبێت."
 
رۆژی شەممە 3-1-2026 ئەمریکا هێرشیکردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەی رفاند. 
 
هەریەک لە یەکێتیی ئەورووپا و ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی یەکێتییەکە داوای پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی و رێزگرتن لە خواستی ڤەنزوێلیەکان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە دەکەن. بریارە مادورۆ لە ئەمریکا رووبەڕوو دادوەر بکرێتەوە.