فراکسیۆنی دەم پارتی: دیار کۆچ لەلایەن پۆلیسەوە لێیدراوە و تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رەخنەی تووند لەو پەرلەمانتارانەی ئاکپارتی دەگرێ کە لەسەر بابەتی دیار کۆچ، ئەو گەنجەی لەلایەن پۆلیسەوە لێیدرا و کەوتە نەخۆشخانە، هەڵوێستیان نییە. کۆچیغیت پێی راگەیاندن، دەتوانن لە نەخۆشخانە سەردانی بکەن یانیش پرسیار لە وەزیری داد بکەن.
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا کە تاوەکو درەنگی شەوی رابردوو بەردەوام بوو، بابەتی هێرشی پۆلیس بۆ سەر دیار کۆچ لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە مێردینی باکووری کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا.
دوای ئەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی قسەی پەرلەمانتارانی دەم پارتییان لەم بابەتە رەتکردەوە، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتی، "دیار کۆچ کە هیچ تاوانێکی نییە، سەرباز لێیانداوە و چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانە شەڕی مانەوە لە ژیاندا دەکات؛ تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە؛ هەروەها منداڵێکی 13 ساڵ لە بەردەم کامێراکان بەرزکرایەوە و بە زەویدا درا. ئێستا ئێمە بەوە باوەڕ بکەین کە بینیومانە و بەڵگەی ئەشکەنجەیە، یانیش بەم درۆیانەتان باوەڕ بکەین؟"
کۆچیغیت رووی دەمی کردە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و گوتی، "ئەگەر پەرلەمانتارانی ئاکەپە دەیانەوێ بزانن، دیار کۆچ لە نەخۆشخانەی سینجانە، با سەردانی بکەن. ئەگەر نایانەوێ ئەمەش بکەن، با پەیوەندیی بە وەزیری دادەوە بکەن و لە دۆخی بپرسن و بزانن چی بەسەرهاتووە."