پەرلەمانتارێکی جەهەپە: ئەوەی پێیدەڵێین سنوور، بووەتە تەلبەندێک لەنێوان خزماندا
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایدەگەیێنێت، سنووری نێوان تورکیا و سووریا [باکوور و رۆژئاوای کوردستان] پەیوەندیی دراوسێیەتی نییە، بەڵکو پەیوەندیی خزمانی لێکدابڕاوە و دەڵێت: "هەمان خێزان؛ گۆڕستانەکەی کەوتە لایەک و براکەشی کەوتە لایەکەی دی."
ئۆکان کۆنوڕاڵپ، پەرلەمانتاری جەهەپە لەبارەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان خەڵکی هەردوو دیوی سنوور و دابەشبوونیان بەپێی رێککەوتننامەی (سایکس پیکۆ) رایگەیاند: "ئەو عەرەب، تورکمان، کورد، عەلەوی و سوننانەی لە سووریا دەژین، بە ئێمە بێگانە نین، ئەوان دیوەکەی دیکەی مێژووی ئێمەن."
کۆنوڕاڵپ ئاماژەی بە کاریگەریی کێشانی سنوورەکان کرد لەسەر شیرازەی کۆمەڵایەتی ناوچەکە و گوتی: "لەگەڵ کێشانی سنوورەکان، هەمان هۆز و خێزانەکان بەسەر دوو لا دابەش بوون. ئەوەی پێیدەڵێین سنوور، بووە تەلبەندێک لە نێوان خزماندا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پەرلەمانتارەکەی جەهەپە جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی سەر سنوور (تورک، کورد و عەرەب) لە پەیوەندیی دراوسێیەتی قووڵترە و گوتی: "بێگومان سنوور گرنگە، بەڵام ناتوانین تەنیا لە نەخشەی دەوڵەت و کتێبەکانەوە سەیری ئەو سنوورانە بکەین."
سەبارەت بە پرسی کورد و دۆخی سیاسی، ئۆکان کۆنوڕاڵپ بوونی پرۆسەی چارەسەری بە خاڵێکی ئەرێنی وەسف کرد و گوتی: "بێگومان چەند هەڵبەز و دابەزێک لە بابەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد هەیە کە هیوادارم هەرچی زووە بە ئارامییەوە ئەو دۆخە تێبپەڕێنن."
هەروەها بە پێویستی زانی کە تێگەیشتن بۆ ئەوە هەبێت "کوردی رۆژئاوای کوردستان لە خەمی کوردی باکووری کوردستانە."
لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە بەهۆی هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و گەمارۆی سەر چەند شارێکی دیکە، دۆخی مرۆیی لە ناوچە کوردستانییەکانی سووریا رووی لە خراپی کردووە.
لە باشوور و باکووری کوردستانەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا دەم پارتی و رێکخراوەکان لە چاوەڕوانیی کردنەوەی دەروازەی سنووریی مورشیدپنارن بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان.
دەقی قسەکانی ئۆکان کۆنوڕاڵپ، پەرلەمانتاری جەهەپە:
"ئەو عەرەب، تورکمان، کورد، عەلەوی و سوننانەی لە سووریا دەژین، بە ئێمە بێگانە نین، ئەوان دیوەکەی دیکەی مێژووی ئێمەن. لەگەڵ کێشانی سنوورەکان، هەمان هۆز و خێزانەکان بەسەر دوو لا دابەش بوون. هەمان خێزان؛ گۆڕستانەکەی کەوتە لایەک و براکەشی کەوتە لاکەی دی. ئەوەی پێیدەڵێین سنوور، بووە تەلبەندێک لە نێوان خزماندا. جا پەیوەندیی نێوان تورک، کورد و عەرەب لەو سنوورەدا دراوسێیەتی نییە، بەڵکو پەیوەندیی خزمانی لێکدابڕاوە. بێگومان سنوور گرنگە، بەڵام ناتوانین تەنیا لە نەخشەی دەوڵەت و کتێبەکانەوە سەیری ئەو سنوورانە بکەین".