ئەردۆغان لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئێران: تورکیا بێ لایەن نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت، هێرشەکانی سەر ئێرانی بە نایاسایی ناوبرد و رایگەیاند، تورکیا بێلایەن نییە و لایەنگریی ئاشتی و ئارامی دەکات.
 
لە خوانێکی بەربانگ لەگەڵ پەرلەمانتاران کە ئێوارەی سێشەممە 03-03-2026 سازکرابوو، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، "ئەم قۆناخەی بە هێرشکردنە سەر ئێرانی دراوسێمان دەستیپێکردووە، زۆر شتمان نیشان دەدات. پرەنسیپەکانی وەک فرەلایەنی، سەرەوەری و چارەسەری دیپلۆماسییانەی ناکۆکییەکان کە نەتەوە یەکگرتووەکان کردوونیەتییە سیمبوولی خۆی، هەر لەلایەن داڕێژەری ئەو سیستمەوە کراوەتە ئەو بتەی کە لەکاتی برسیەتیدا دەیخۆن."
 
ئەردۆغان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بەرامبەر جەنگی ئێران گوتی، "لە قۆناخێکی وەها هەستیاردا کە نایاسایی ئاسایی بووەتەوە، هەڵوێستی تورکیا روونە. ئێمە لەو پرسانەی پەیوەندییان بە ناوچەکە و مرۆڤایەتییەوە هەیە، هەرگیز بێلایەن نین. لەو رووداوانەی ئارامیی برا و دراوسێکانمان دەشێوێنن، بێلایەن نین. لەو بابەتانەی هەڕەشە لە داهاتووی جیهان دەکەن، بێلایەن نین. بەپێچەوانەوە، وەک تورکیا لایەنگری ئاشتی و ئارامین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "لایەنگری چارەسەرکردنی کێشەکانین لە رێی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە. لەبری پێکدادان لایەنگری دانوستاندن و لەبری جەنگ لایەنگری ئاشتین. ئێمە لایەنگری کوشتن، کۆمەڵکوژی، چەتەگەری، جینۆساید و جینۆسایدکاران نین، بەڵکو لایەنگری ماف، راستی و پاراستنی ژیانی مرۆڤین لە هەر شوێنێک بێت."