ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر ئۆزەل پێشتر دوو منداڵی خۆی کوشتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر سەرۆکی جەهەپە ساڵی 2004 دوو منداڵی خۆی کوشتووە و تاوەکو 2020 لە زیندان بووە.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئەمڕۆ یەکشەممە 4-5-2025 لە ئیستەنبووڵ بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامادە بوو.
 
لەکاتی دەرچوونیدا کەسێک بەناوی سەلچوک تەنگیئۆغڵو، هێرشی کردە سەر ئۆزگور ئۆزەل و زلـلەیەکی لە نێوچەوانی دا.
 
هێرشکارەکە کێیە؟
 
سەلچوک تەنگیئۆغڵو ساڵی 1959 لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان لەدایکبووە و ئێستا تەمەنی 66 ساڵە. 
 
بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی نەژادی ئەو کەسە نییە.
 
ماوەیەک لە شارۆچکەی ئەسکەندەرۆنی سەر بە پارێزگای هاتای ژیاوە.
 
تەنگیئۆغڵو ساڵی 2004 لەگەڵ هاوژینەکەی لێیان دەبێتە شەڕ و هاوژینەکەی دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی. ئەویش ئەوکات تەمەنی 46 ساڵ بووە و پێنج منداڵی هەبووە. 
 
کاژێر 4.00ی بەرەبەیانی رۆژی 9-5-2004 لە شیرینیی خەودا تەقە لە منداڵەکانی دەکات. سەرەتا تەقە لە باڕش؛ کوڕە 19 ساڵانەکەی دەکات، دواتریش تەقە لە موتڵو؛ کچە 17 ساڵانەکەی دەکات. سەیردەکات کە ئەوان بریندارن، دەچێتە مەتبەخ و چەقۆ دەهێنێت، بە چەقۆ دەیانکوژێت. ئەو باوکە تەقەی لە گوڵشاهـ و یاسەمینیش کرد. گوڵشاهـ بریندار بوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە. هەروەها یاسەمین بە برینداری لە باڵکۆنەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و بەوجۆرە رزگاری بوو. 
 
بارش و موتڵو لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدابوو.
 
هەر لە ساڵی 2004دا دادگە سزای زیندانیی هەتایی بەسەر تەنگیئۆغڵودا سەپاند.
 
تەنگیئۆغڵو دوای 16 ساڵ مانەوەی لە گرتووخانە، ساڵی 2020 بە مەرج ئازادکرا.
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، تەنگیئۆگڵو تۆمەتەکانی تووندتوتیژیی خێزانی، دەستدرێژیی سێکسی، کێشان و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و بەرەنگاربوونەوەی پۆلیسی لەسەرە.