ئەردۆغان: جەنگ زۆرترین کاریگەریی لەسەر هەڵاوسان دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە پێشهاتی باشی ئابووری و بازرگانیی وڵاتەکەی کرد و هاوکات رایگەیاند، جەنگ زۆرترین کاریگەریی لەسەر هەڵاوسانی وڵاتەکەی دروستکردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماریی تورکیا کە دووشەممە 4-5-2026 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
دوای ئاماژەدان بە "پێشهاتی ئەرێنی" لە بازرگانی و ئابووریی وڵاتەکەیدا، ئەردۆغان گوتی، "رێژەی بێکاری بەراورد بە مانگی پێشوو 0.3 کەمیکردووە و دابەزی بۆ 8.1٪، لە هەمان ماوەدا ژمارەی لەسەر کاردانان 226 هەزار زیادیکرد و گەیشتە 32 ملیۆن و 425 هەزار کەس. رێژەی لەسەرکاردانان 0.3 زیادیکرد و بۆ 48٪ بەزربووەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، هێزی کاری وڵاتەکەی لە ئاداری ئەم ساڵدا، بەراورد بە مانگی پێش خۆی 129 هەزار کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە 35 ملیۆن و 298 هەزار کەس. بەشداریکردن لە هێزی کار 0.1 زیادیکرد و بۆ 52.8٪ بەرزبووەوە.
لەبارەی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران لەسەر وڵاتەکەی، ئەردۆغان گوتی، "سەرەڕای ئەو پێشهاتە ئەرێنیانەی هەناردە، لەسەرکاردانان و گەشتیاری، بەداخەوە جەنگ زۆرترین کاریگەریی لەسەر هەڵاوسان دروستکردووە. ئەمڕۆ هەڵاوسانی مانگی نیسان بە 4.18٪ راگەیێندرا."
هەر بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئەردۆغان خوێندنیەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆماری تورکیادا هەناردەی 12 مانگی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 275.8 ملیار دۆلار و ئەمەی بە ژمارەی پێوانەیی وەسفکرد.