ئەردۆغان: ناتوانین بینەری قڕکردن لەلایەن نەتەنیاهوو بین
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ناتوانن بەرامبەر قرکردنی فەلەستینییەکان لەلایەن نەتەنیاهوو بینەر بن.
ئەردۆغان لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی هەفتەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکێش کرد.
دۆخی غەززە و فەلەستین یەکێک لە تەوەرەکانی گوتارەکەی ئەردۆغان بوو و گوتی: "بەرامبەر قڕکردنی ئەو ستەمکارە کافرەی نەتەنیاهووی پێدەڵێن، هەرگیز بینەر نابین. رەشبین نین و رەشبینیش نابین. سەرەڕای نادادی، ناحەقی و ستەمەی ناوچەکەمان، هەرگیز ناکەوینە بێهیوایی".
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "برایانی من، بێ هیوا نین و نابین. خەمبار نین و نابین. پەنابەخوا ئەم ئازارانەش کۆتاییان دێت. تاریکی ستەم جێگەی خۆی بە خۆری دادپەروەری دەدات کە دڵەکانمان گەرم دەکات".
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 63 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل گیانیان لە دەستداوە.