لە تورکیا کچە قایمقامێک بە باڕبی نێوبانگی دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
تووچە ئۆرهان، قایمقامێکی تازە دەستبەکاربووە لە شارۆچکەی لادیک-ی سەر بە پارێزگای سامسوونی تورکیا. لە چەند رۆژی رابردوودا بووەتە جێگەی باسی خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان.
دوو هۆکار لە پشت بەناوبانگبوونی تووچە ئۆرهانن، ئەوانیش، تەمەنەکەی کە لە تەمەنی 30 ساڵیدا بووەتە قایمقام.
قایمقام تووچە ئۆرهان یەکێکە لە گەنجترینی ئەو کەسانەی پۆستێکی باڵای کارگێڕی وەکو قایمقام لە تورکیا وەردەگرن.
خەڵکی شارۆچکەکە رێزی تووچە ئۆرهان دەگرن و دەڵێن، ئەو بە سەرکەوتوویی و لە تەمەنێکی بچووکدا خوێندنی زانکۆ و ماستەری تەواو کردووە.
هەروەها، پێش وەرگرتنی پۆستەکەی ئێستای، لە پارێزگای بۆڵوی تورکیادا یاریدەدەری قایمقام بووە.
پێی دەڵێن قایمقامە باڕبییەکە
تەمەن و سەرکەوتنەکانی ئەو بە تەنیا جێگەی سەرنج نین، بەڵکو قەد و باڵا و رووخساریشی مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە.
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەکانی ئەویان بڵاوکردەوە و زۆربەیان بە بووکی "ساندرێلا" یان بە "باڕبی" ناوی دەبەن.
لە بەشێک لە کۆمێنتەکانیشدا بە "قایمقامی باربی" وەسفیان کردووە.
تووچە ئۆرهان (قایمقامی باڕبی) کێیە؟
ساڵی 1995 لە خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبارەی کوردبوونی نییە.
ساڵی 2017 بە پلەی یەکەم بەشی زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنی گشتی لە کۆلێژی زانستە ئابووری و کارگێڕییەکانی زانکۆی فرات تەواو کردووە.
دواتر خوێندنی ماستەری لە بەشی بەڕێوەبردنی گشتیی هەمان زانکۆ تەواو کردووە.
رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2021، لە تاقیکردنەوەی قایمقامیەتیی وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە.
خولی فێربوونی پیشەییانەی قایمقامیەتیی لە خارپێت تەواوکردووە.
22 مانگ وەک یاریدەدەری قایمقام لە پارێزگای بۆڵو کاری کردووە. 8 مانگ لە لەندەن لە خولی زمانی بینیوە و زمانی ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.