ئۆجەلان: پێویستە پرسی کورد بە هەموو رەهەندەکانییەوە بخرێتە چوارچێوەی یاسایی کۆمارەوە

رووداو دیجیتاڵ 

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێیگوتوون پێویستە پرسی کورد بە هەموو رەهەندەکانییەوە بخرێتە چوارچێوەی یاسایی کۆمارەوە.
 
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە چواری تشرینی دووەمی 2025 لەبارەی سەردانەکەی دوێنێی شاندەکەیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە رێککەوتی سێی تشرینی دووەمی 2025 لە ئیمراڵی، دیدارێکی یەکجار ئەرێنیمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد، کە نزیکەی سێ کاژێری خایاند. تەندروستی و ورەی زۆر بەرز بوو."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆجەلان بە شاندەکەی راگەیاندووە: "بۆ پێشخستنی ئەو قۆناخەی تێیداین، پێویستە زیاتر مێژوو و کۆمەڵناسی بە هەند وەربگرین. گرنگە ئەوە دەستنیشان بکرێت کە پەیوەندیی کورد و تورک وەکو دوو کۆڵەکەی هەزار ساڵە گەیشتووەتە ئەمڕۆ. پێویستە بە بینین، تێگەیشتن و نۆژەنکردنەوەی ئەم کۆڵەکانە، پێکەوەژیان بەهێز بکرێت. پێویستە بە دروستکردنی ئاسۆیەکی وا کە کێشە هەنووکەییەکانیشمان لەخۆبگرێت بجووڵێینەوە، نەک بە کێشانی هێڵ".
 
دەم پارتی ئاماژەی بە بەشێکی دیکەی قسەی ئۆجەلان کردووە، کە گوتوویەتی: "هەوڵدەدەین قۆناخێکی ئەرێنی گەشە پێبدەین، نەک رووخێنەر و نەرێنی. پێویستە پرسی کورد بە هەموو رەهەندەکانییەوە بخرێتە چوارچێوەی یاسایی کۆمارەوە و بۆ ئەمەش قۆناخێکی گواستنەوەی بەهێز بکرێتە بنەما."
 
ئۆجەلان بە شاندەکەی گوتووە: "گواستنەوە بۆ یاساییبوون وەکو دیاردەیەکی گشتگیر، بناخە یاساییەکانی کۆماری دیموکراتیک پتەوتر دەکات."
 
شاندەکەی ئیمراڵیی دەم پارتی پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ میدحەت سانجار، پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە بازنەی رووها و پارێزەر فایق ئۆزگور ئەرۆڵ.