کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشیمانی، برایەتی و دیموکراسیی کە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهینراوە، ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تێڕوانینەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و راپۆرتی دیداری شاندی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی دەخوێندرێنەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ پێنجشەممە چواری کانوونی یەکەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.
لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا، سەردانیی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی و دیدارکردن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە هەیە.
رۆژی دووشەممە 24 ـی تشرینی دووەمی 2025 شاندێكی سێ کەسی لە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە پێکهاتبوون لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد.
دوای سەردانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە 27 ـی شوبات، لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و دانانی چەک، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا، لێدوانی ورد وەرگیرا".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا: "لە رووی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی برایەتی و پێشخستنی ئەرێنییانەی پرۆسەکە لە روانگەی هەرێمییەوە، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهاتووە".
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری بۆ پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان بۆ پرۆسەکە دەستبەکاربووە، لە 21 ـی تشرینی دووەمدا بڕیاری دا بۆ بینینی ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی بکات. بڕیارەکە بە دەنگدانی نهێنی درا؛ جەهەپە بەشداریی لە بەشی دەنگدانی کۆبوونەوەکەدا نەکرد و رایگەیاند، ئەندام بۆ شاندەکە دیاری ناکات.