بەسام ئیسحاق: دەمانەوێت گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ تورکیا هەبێت

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نامەیەکی نووسراوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە وان نەگەیشتووە و دەڵێت، گفتوگۆی ناراستەوخۆمان لەگەڵ تورکیا هەن، بەڵام ئەوان دەخوازن گفتوگۆی راستەوخۆ هەبێت. 
 
بەسام ئیسحاق، ئەندامی نوێنەرایەتیی مەسەدە لە واشنتن لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، باسی گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە لەگەڵ دیمەشق و ئەنقەرە، کاریگەری پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەسەر دۆخی سووریا کرد، ئیسحاق رەتیکردەوە، کە هیچ نامەیەکی ئۆجەلانیان پێگەیشتبێت و گوتی، "هیچ نامەیەکی نووسراوی بەڕێز ئۆجەلانمان پێنەگەیشتووە، بەڵام ئەو گفتوگۆیەی لەنێوان پەرلەمانی تورکیا و بەڕێز ئۆجەلاندا هەیە، بەخۆی نامەیەکە بۆ ئەو دۆخەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و نامەکە ئەوەیە کە پێویستە چارەسەرەکە لە رێگەی دیالۆگەوە بێت، کاتێک دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی سیاسی هەبێت، رەنگە چارەسەر بۆ پرسە سەربازییەکان هەبێ." 
 
رۆژی دووشەممە 24 ـی تشرینی دووەمی 2025 شاندێكی سێ کەسی لە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە پێکهاتبوون لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد.
 
دوای سەردانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: "دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە 27 ـی شوبات، لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و دانانی چەک، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا، لێدوانی ورد وەرگیرا".
 
بەسام ئیسحاق ئاشکرای دەکات، دانوستانەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بەردەوامە و لە چەند رۆژی رابردوودا خێراتربوونە و دەڵێت، "دیالۆگی هەسەدە و بەڕێوەبەڕایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق ماوە بۆ ماوە بەڕێوەدەچن، دوای سەردانەکەی باڵیۆز تۆم باڕاک بۆ دیمەشق، هەوڵی پێشخستنی ئەو دیالۆگە دەدرێت و هیوامان وایە ئەم دیالۆگە بە چارەسەرێک بگات، چارەسەرێکی سیاسی کە قبوڵکراو بێت بە سازان و رێککەوتن لە نێوان هەردوولا، رێککەوتنێکی سیاسی کە ئارامی سووریا و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەرەنتی بکات، دوای ئەوە دەکرێت رێککەوتن و تێکەڵبوونی سەربازی ئاسان بێت." 
 
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی (ئەنەکەسە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا، کە رۆژی 30-11-2025 لە شاری هەولێر لەلایەن پێشکێشکار نالین حەسەن سازکرا، رایگەیاند، رێککەوتنی 10ی ئادار پەیوەستە بە بواری سەربازی، کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە، ئەو شاندەی دانوستاندن لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد دەکات شاندی هاوبەشە، لە ئەنجامی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە شاری قامشلۆ لە 25ی نیسانی 2024 دروست بووە، بەڵام دیمەشق ئامادە نییە پێشوازی لەم شاندە بکات. 
 
ئەندامی نوێنەرایەتیی مەسەدە لە واشنتن ئاماژەی بەوەش دا، "ناکۆکی لەبارەی هەندێ چەمکی سەرەکی هەن، پێویستە دیالۆگێکی قووڵ لەبارەیانەوە بکرێت و کاتی پێویستی پێبدرێت، چونکە بێ هەبوونی تێگەیشتنی سیاسی لەسەر فۆرم و نێوەڕۆک و شێوازی حوکمڕانی دەوڵەت و گەرەنتی مافی هەموو سووریاییەکان، ئەستەم دەبێت تێکەڵبوون لەسەر ئاستی سەربازی رووبدات." 
 
محەممەد ئیسماعیل رەتیکردەوە، سووریا وەکو پێشوو ببێتە دەوڵەتێکی ناوەندی و گوتی، "مومکین نییە سووریا بگەڕێتەوە بۆ ناوەندیبوون، پاراستنی یەکێتی سووریا بە ناناوەندیبوون دەکرێت، یان پارچە پارچە دەبێت." 
 
لەبارەی پرسی ناناوەندییەوە بەسام ئیسحاق باس لە ناکۆکییەکانی دیمەشق و قامشلۆ دەکات و لەبارەی پرسی ناناوەندیبوون و دەڵێت، "لەو بڕوایەدام سووریا لەمەودوا دەوڵەتێکی ناناوەندی دەبێت، بەڵام مشتومڕەکان لەسەر شێوازی ناناوەندی هەیە، پێویستە دیالۆگێک هەبێت، کە بگاتە سازان و لێکتێگەیشتن لەبارەی ناناوەندیبوون، دەبێت روونبکرێتەوە کە ناناوەندیبوون لە راستیدا ئامرازێکە بۆ یەکگرتن نەک دابەشبوون." 
 
ئیسحاق هەروەها گوتی، "دەسەڵاتی دیمەشق دەیەوێ ئاستێکی هەرەبەرز لە ناوەندیبوون بەدەستبێنێت، ئێمە ئەوە رەتناکەینەوە، کە دەسەڵاتە سەروەرییەکان ناوەندی بن، وەکو وەزارەتی دەرەوە، سیاسەتی ئابووری و شتی هاوشێوە، بەڵام دەربارەی سیاسەتی جێبەجێکردنەوە ئێمە وا دەبینین، کە پێویستە نەک تەنیا بۆ باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکانی سووریا سیستمێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی هەبێت، بەڵام ناکۆکی لەسەر ناو نییە، بەڵکو لەسەر نێوەڕۆکە." 
 
 رۆژی چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، عومەر چەلیک، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی (Habertürk) سەبارەت بە رێگەدان بە ئیلهام ئەحمەد بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکات، گوتی: "ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی وازهێنان لە چالاکیی تیرۆریستی لێرە تاوتوێ دەکرێن. با وازبێنن و بفەرموون با بێن. ئەو کەسەی باسی دەکەن، باسی لە دانەنانی چەک کردووە و هۆکارەکەشی بەوە روونکردووەتەوە کە 'ناتوانین چەک دابنێین، چونکە بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیمان هەیە'. ئەو نازناوەی بەکاریدێنێت، دژی یەکپارچەیی خاکی سووریایە".
 
بەسام ئیسحاق بەدوور نابێت کە ئیلهام ئەحمەد بچێتە ئیستەنبووڵ و بەشداری "کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" کە دەم پارتی رێکیخستووە بکات و گوتی، "ئەگەر هەیە ئامادەبێت، تا ئێستا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نەهاتووە." 
 
ئەندامی نوێنەرایەتی هەسەدە لە واشنتن داوای گفتوگۆی راستەوخۆی لە تورکیا کرد و گوتی، " ئێمە لەوە تێدەگەین کە تورکیا نیگەرانی ئەمنی هەیە و هەر دەوڵەتێکیش مافی خۆیەتی بەرگری لە ئارامی نێوخۆی وڵاتەکەی بکات، جار بە جار دانوستاندنمان لەگەڵ تورکیا هەیە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، شتێکی زۆر ئاساییە کە دیالۆگی راستەوخۆشمان هەبێت، چونکە ئێمە دراوسێین و سنووری هاوبەشمان هەیە."