'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کورد تۆمەتبار دەکات.
ئەم دەستەواژەیە، لە 39مین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە رۆژی 30-11-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمجار لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل، کە جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئەو پارتە هەڵبژێردرایەوە، بەکارهێندرا.
ئۆزەل بەبێ ئەوەی ناوی هیچ پارتێکی سیاسی بهێنێت، ئەوکاتەی بەبیرهێنایەوە کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوای داخستنی دەم پارتیی دەکرد.
ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "من بەردەوام ئاستی دیموکراسیەتی ئەوانەم بەبیردێتەوە کە هەر کاتێک ویستیان لەسەر بوو، دەیانگوت با ئەو پارتە دابخرێت، جا کاتێک دایان نەخست، دەیانگوت با دادگەی دەستووریش دابخرێت".
سەرۆکی جەهەپە راستەوخۆ دوای ئەو بابەتە گوتی: "بانگهێشتتان دەکەم تووشی کۆنیشانی ستۆکهۆڵم نەبن و عاشقی ئەو جەللادەتان نەبن کە دوێنێ بە زۆر لە چنگی رزگار بوون. هەروەک چۆن لە گۆڕەپانەکاندا بێ وچان هاوار دەکەن؛ بەتەنیا رزگاربوون نابێت، یان هەموومان یان هیچ یەکێکمان".
ئەگەرچی بەشێک لە دەزگا میدیاییەکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە کە ئۆزگور ئۆزەل رەتیدەکاتەوە مەبەستی لەم گوتەیەی دەم پارتی بێت، بەڵام بابەتی داخستنی پارت، پەیوەندیدارە بە دەم پارتییەوە.
"ئەمە رێزگرتنە لە گەلی کورد بەڕێز ئۆزەل؟"
ئەم گوتانەی ئۆزگور ئۆزەل بەر لە هەمووان، ناڕەزایی بەرپرسانی دەم پارتیی لێکەوتەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتارێکیدا پێداگریی لەسەر ویستی پارتەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نیشاندا و جەختیکردەوە کە ئەوان نابنە پاشکۆی هیچ لایەنێک و ئەوانەش بە بێتاوان نابینن کە چارەسەر دوادەخەن.
باکرهان هەروەها گوتەکانی سەرۆکی جەهەپەی بەبیرهێنایەوە و گوتی: "بەڕێز ئۆزەل لە سەکۆی کۆنگرەی پارتەکەیەوە بە ئێمە دەڵێ، عاشقی جەللادەکەتان مەبن. ئێمەش دەپرسین، کاتێک لە پەرلەمان باسی یاسا دەکەین، ئێوە بۆچی شتانێک دەڵێن خەڵکی پێ کەم ببێتەوە بەڕێز ئۆزەل؟ لەکاتێکدا ئێستا دەکرێ قسەی باش لەسەر چارەسەر بکرێت و گفتوگۆی ئەرێنی دەستپێبکرێت، هانابردن بۆ سیاسەتی هەرزان و شەڕی بێ مانا، نەبوونی سیاسەت نیشاندەدات. خەڵکی ئێمە دەیەوێت لە ئاشتیدا بە یەکسانی و ئازادی بژی. تۆمەتبارکردنی خەڵکێکی وەها بە کۆنیشانی ستۆکهۆڵم، سیاسەتی دیموکراسیانەیە؟ ئایا رێزگرتن لە گەلی کورد ئەمەیە بەڕێز ئۆزەل؟ داوا کە هەمووان دەکەم واز لە زمانی دەمەقاڵێ و نەگونجاو بهێنن، بانگهێشتیان دەکەم بەرەو چارەسەر و ئاشتی".
باکرهان داوای هەڵوێستێکی روونی لە جەهەپە کرد: "بە روونی قسە بکەن، ئەگەر دژی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەن، بێ ئەوەی ئەملاو ئەولای پێ بکەن، قسەکانتان بە روونی بکەن. بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئاشتی و دیموکراسین، دیسانەوە بە روونی قسە بکەن و وەرن با بەیەکەوە کۆشش بکەین و بەیەکەوەش بیگۆڕین. بەجۆرێک، بەیەکەوە ئاشتی و دیموکراسی بونیات بنێین. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی دایک بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندی دژبەرانی پرۆسەکە، هەڵەیەکی گەورە دەکات.
ئەردۆغان: برا کوردەکانی من زۆر باش دەزانن کێ جەللادە
رۆژی چوارشەممە 3-12-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی دا بەرپەرچی جەهەپەی دایەوە گوتی: "ئێستا دەبێ لەو ئەفەندییە بپرسن؛ باشە تۆ لە تەواوی تەمەنتدا هیچ کات مێژووی پڕ لە پەڵە و شەرمەزاریی جەهەپەت نەخوێندووەتەوە؟ ئایا فێرنەبووی و نازانی کە فاشیزمیی پارتی تاکڕەو چی بەسەر ئەم خەڵکە هێنا؟ دەکرێ تۆ نەزانیت کێ جەللاد و کێ ستەمدیدەیە؟ بەڵام برا کوردەکانی من زۆر باش دەزانن کێ جەللادە".
ئەردۆغان ئەوەشی بەبیرهێنایەوە کە عەدنان مەندەرێس و چەندین کەسایەتیی دیکە لەسێدارەدران و لەو بابەتانەشدا جەهەپەی تۆمەتبارکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە رووداوەکانی تونجەلی (دێرسیم)ــەوە هەتا سەردەمی ئێمە، کێ خوێنی برا کوردەکانی ئێمەی رشت، خەڵکی من زۆر باش ئەمە دەزانێت. با بەڕێز ئۆزەل بەخۆڕایی خۆی ماندوو نەکات، ئەگەر بوێریی تێدایە و دەیەوێت جەللادێک ببینێت، با سەیری ئاوێنە بکات. سەیری مێژووی خۆی بکات، سەیری رابردووی جەهەپە بکات".
ئەردۆغان جەهەپەی بە بەرژەوەندیخواز لە قەڵەمدا؛ رووی دەمی لە کورد کرد و گوتی: "برا کوردەکانم! هەموو کەسێک بۆ ئەوانە تەنیا کۆگای دەنگە، بەڵام ئیدی ئەمە نایخوا. هاوکێشەکە زۆر سادەیە. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بێ چاوەڕێکردنی هیچ بەرامبەرێک، دەنگیان پێ بدەن، لە ئێوە باشتر نییە. بەڵام ئەگەر دۆخێکی پێچەوانە رووبدا، لە ئێوە خراپتر نییە".
ئۆزگور ئۆزەل باسی شەڕی خەندەقی کرد و ئەردۆغانی تۆمەتبار کرد
سەرۆکی جەهەپە وەڵامی ئەو گوتە و رەخنانەی ئەردۆغانی بە باسی شەڕی خەندەق و پشێوییەکانی ساڵانی 2015-2016ی باکووری کوردستان دایەوە.
ئەردۆغان بەردەوام باسی ئەو کۆمەڵکوژییانەی سەر کورد دەکات کە زۆربەی لەو سەردەمانەدا کراون، کە جەهەپە لە دەسەڵات بووە و بڕیارەکان لەلایەن بەرپرسانییەوە دەرکراون.
ئەمجارە ئۆزەل باسی ئەو سەردەمەی کرد کە تازە پرۆسەی ئاشتی هەرەسی هێنابوو و لە چەند شارێکی باکووری کوردستاندا پێکدانان لە نێوان گەریلا و سوپای تورکیا روویدا.
سەرۆکی جەهەپە رۆژی چوارشەممە لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی گوتەکانی ئەردۆغان، گوتی:"ئەردۆغان ناتوانێ نان بەم گفتوگۆیە بخوات. ئەو دەیان ساڵ و سەت ساڵ دەگەڕێتەوە مێژوو. کاتێک دەڵێین ئێمە کۆمارمان دامەزراند، راستەوخۆ دەڵێ جەهەپە پارتی تاکڕەو بوو و جەهەپە ئەمانەی کردووە. بەڵێ یەک پارت هەبوو و باپیرەی هەموومان لەوێ بوو. ئەو دەچێ شوێنێکی مێژوو دەدۆزێتەوە و دەڵێ، جەهەپە وایکرد. باشە کاتێک باپیرەی ئێمە لەوێ بوون، ئەی باپیرەی تۆ لەکوێ بوو؟ باشە بۆچی کاتێک باسی چاناککالێ دەکرێت، دەڵێن باپیرەی هەموومان شان بە شان بوون. بەڵام ئەگەر باسەکە شوێنێکی دیکە و رووداوێکی دیکە بێت، دەڵێی جەهەپە".
سەرۆکی جەهەپە هەروەها لەبارەی ئەوەی کە ئەردۆغان گوتی، کورد دەزانێت کێ جەللادە، گوتی:"بە بەبیرهێنانەوەی 80-90-100 ساڵ دەتەوێ چەند شتێک بکەیت.بەڵام 10 ساڵ پێش ئێستات لەبیر نییە کە لە دەسەڵاتی تۆدا تەرمی دایکە تایبەت 7 رۆژ لە سەر زەوی کەوت، دوای ئەوەی ژنان بە ئاڵای سپییەوە رۆیشتن تەرمەکە هەڵبگرنەوە هەتا بۆگەن نەبێت، تەقەیان لێ کرا".
سەرۆکی جەهەپە رەخنەی لە ئەردۆغان و وەزیرانی ئەوکاتی کابینەکەی گرت و گوتی: "هەروەها ئەوکاتەش کە رێگە نەدرا دایکی پەرلەمانتارێک بنێژرێت، تۆش و وەزیرانیشت لە بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ بوون، ئەوەش خۆ لە سەردەمی تۆدا روویدا. ئایا خەڵک نازانێت لە سەردەمی تۆدا چی روویداوە؟ بۆ نموونە رۆڵەیەکی ئەم وڵاتە، تەنیا لەبەر ئەوەی گوتی'ناتکەمە سەرۆک' ئەوەتا لێرە لە ئەدیرنە ماوەی 9 ساڵە لە ژوورەوەیە. تاوانی چییە؟ بە تۆی گوتووە ناتکەمە سەرۆک".
داودئۆغڵو: کاتی بەکارهێنانی دەستەواژەی جەللاد نییە
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە رۆژی چوارشەممە 3-12-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی رێبازی نوێ دا گوتارێکی پێشکێش کرد و رەخنەی لە سەرۆکی جەهەپە گرت بەوەی گوتەی نەشیاو بە پرۆسەی چارەسەری کردووە.
داودئۆغڵو جەختیکردەوە کە هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی جەهەپە لە ریزی پاڵپشتیکارانی پرۆسەکە بمنێنێتەوە و گوتی: "ئێمە بەردەوام گوتوومانە پاڵ بە جەهەپەوە مەنێن بۆ دەرەوەی پرۆسەکە. چونکە ئەگەر ئەمە رووبدات، دژخوازانی پرۆسەکە بەهێزتر دەبن و ئەمە راست نییە. بەڵام، لەڕاهی خوا، لە کاتێکی وەها هەستیاردا دەستەواژەی جەللاد دەبێت لە دەمی سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی دایک دەربچێت؟ دەڵێ عاشقی جەللادەکانتان بوون. هاوڕێیان هەمووان پێویستیان بە زمانێکی ئارام هەیە".
داودئۆغڵو گوتی: "رێک لەوکاتەی ئێمە باسی زمانێکی باش و ئاراممان دەکرد، لە قەندیلەوە دەنگێک هات، هاوسەرۆکێک بەناوی بەسی هۆزات هەیە کە دەڵێت؛ ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەڕێوەنەچێت، تورکیا نغرۆی تاریکی دەبێت. یەک خولەک! ئەگەر دەست بە زمانی هەڕەشە بکەن، ئەم پرۆسەیە دەمرێت."
سەرۆکی پارتی ئایندە وەبیر قەندیل و پەکەکەی هێنایەوە کە هۆکاری شکستپێهێنانی پرۆسەی پێشوو بۆ هەمان سیاسەت دەگەڕێتەوە و گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێوە زمانی هەڕەشەتان بەکارهێنا و دوای پرۆسەکەی ساڵی 2013 هەر بە زمانی هەڕەشە دەستتان بە لێدانی خەندەق کرد، پرۆسەکە بە تەواوی وەستا و خەم و تاڵی دروستبوو."
داودئۆغڵو هۆشداریدا و گوتی: "هەرگیز زمانی هەڕەشە لە دژی تورکیا بەکارمەهێنن، چونکە ئاگاداربن وشەکان کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە دەبێت."
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: ئێمە وەک دەم پارتی زۆر باش جەللاد دەناسین
تولای هاتیمۆغۆڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پارێزگای چاناککالێ قسەی کرد و لە وەڵامی ئۆزگور ئۆزەل گوتی:"بەکارھێنانی دەستەواژەی 'عاشقبوون بە جەللاد' یان 'کۆنیشانی ستۆکھۆڵم' بۆ ئێمە، گیربوونی عەقڵە. ئێمە نوێنەری نەریتێکی شۆڕشگێڕ، سۆسیالیست و نیشتمانپەروەرین کە بەدرێژایی مێژوو بەبێ وەستان و کۆڵدان، سەرەڕای هەموو گوشارەکان بەرگریی کردووە. وەک دەم پارتی، جەللادیش زۆر بەباشی دەناسین."
هاتیمۆغۆڵڵاری ئاماژە بەوە دەکات کە دەتوانێت هەمان شت بۆ هەموو ئەو پارتە سیاسییانەی تورکیا بڵێت کە پێشینە و پاشینەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ن ، لەنێویاندا پارتی گەلی سۆسیال دیموکرات (سەهەپە).
هاوسەرۆکی دەم پارتی دروستبوونی سەرهەڵدانی پرسی کورد و کێشەکانی بۆ دەسەڵاتی جەهەپە و سەهەپە گەڕاندەوە و جەختیکردەوە کە ئەوان تەنانەت هەوڵیان داوە ناسنامەی نەتەوەیی بگۆڕن بۆ ململانێی مەزهەبی و لەو قۆناخانەدا بەرپرسیار بوون. هاتیمئۆغوڵڵاری هەروەها رایگەیاند کە ئەمانە راستییەکانن.
کۆنیشانی ستۆکهۆڵم لە چییەوە هاتووە؟
چەمکێکە بەرامبەر دۆخێکی دەروونیی تایبەت بەکاردێت، کە تێیدا کەسی تووش بوو، خۆشەویستی و هاوسۆزیی بۆ ئەو کەس و لایەنە هەیە کە دەیچەوسێننەوە و تاوانی لە دژ دەکەن.
سەرباری ئەوەی ئەو کەسە ئازاری لەدەست دەبینێ، بەڵام ئەو هێشتا هەر بۆی دڵسۆزە.
سالی 1973 کۆمەڵیک چەتە دەستیان بەسەر بانکی (كريديتبانكين) لە ستۆکهۆڵم گرت و چەند فەرمانبەرێکیان بۆ ماوەی 6 رۆژ بە بارمتەگرت.
لەو ماوەیەدا بە بارمتەگیراوەکان لە رووی سۆزداریەوە پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ چەتەکان دروستکرد. پەیوەندییەکە بە جۆرێک بوو کە دوای ئازادکردنیان، بەرگرییان لەو چەتانە دەکرد و ئامادە نەبوون لە بەردەم دادگە شاهێدی لە دژیان بدەن.
دوای ئەو رووداوە زانای دەروونزانی سوێدی (نیلز بیجیرو) لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی لەسەر رووداوەکە کرد و لە کۆتاییەکەیدا تیۆرێکی نوێی خستەڕوو. لەوێوە چەمکی کۆنیشانی ستۆکهۆڵم (ستۆکهۆڵم سێندڕوم) وەکو چەمکێکی دەروونی، کارگێڕی و سیاسی ناسێندرا.