تورکیا: سێ پلانمان بۆ شەپۆلی کۆچ لە ئێرانەوە هەیە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانان، سێ پلانی جیاوازیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی کۆچبەران ئامادە کردووە، بەڵام جەختدەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ جووڵەیەکی نائاسایی لە سنوورەکان بەدی نەکراوە.
 
مستەفا چفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فیدراسیۆنی راگەیاندنی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، حکومەتی ئەنقەرە بۆ هەر ئەگەرێکی هاتنی کۆچبەران لە ئێرانەوە ئامادەکاریی کردووە. 
 
بەگوتەی چفتچی، تورکیا لەسەر سێ سیناریۆ کار دەکات:
 
پلانی یەکەم: رێگریکردن لە گەیشتنی کۆچبەران بە سنوورەکانی تورکیا و پێشوازیکردن و بەڕێوەبردنیان لەنێو خاکی ئێراندا.
پلانی دووەم: ئەگەر کۆچەکە رانەگیرێت، دروستکردنی "ناوچەی ئارام" لەسەر هێڵی سنوور و کۆنترۆڵکردنی جووڵەکان لەوێ.
پلانی سێیەم: وەک رێگەی کۆتایی، حەواندنەوەی کۆچبەران لەنێو سنوورەکانی تورکیادا بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، وەک قۆناخی یەکەم، ئامادەکاری بۆ حەواندنەوەی 90 هەزار کەس لە کەمپەکان و شوێنە کاتییەکان کراوە. بەڵام دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و گوتی: "لە دەروازە سنوورییەکانەوە هیچ جووڵەیەکی نائاسایی نییە."
 
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و مەترسیی ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو وڵاتە بەرەو سنوورەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لەئارادایە.