فاتیح ئەربەکان: پێویستە تورکیا بنکەکانی ئینجیرلیک و کورەجیک دابخات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە پێویستی دەزانێت تورکیا کشانەوەی خۆی لە پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بکشێتەوە و بنکە سەربازییەکانی کورەجیک و ئینجیرلیک دابخات.
 
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ گرژی و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
 
ئەربەکان ئیسرائیلی بە "داگیرکار" ناوبرد و رایگەیاند، ئەگەر تاکە هێزێک بتوانێ بەرەنگاری ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتەوە و فراوانخوازیی ئیسرائیل رابگرێت، تورکیایە.
 
هەروەها گوتی: "تورکیا ئەکتەرێکی راستەقینەی ناوچەکەیە، دۆستێکی متمانەپێکراوی گەلانی دێرین و داهاتوویەکی هاوبەشە. وەک چۆن هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ تورکیا دروست نابێت، بە هەمانشێوە هەڵوێست و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی دژی تورکیا، تەنیا چەواشەکاری و هەڕەشەی پووچن."
 
"پێویستە کورەجیک و ئینجیرلیک دابخرێن"
 
ئەربەکان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت و گوتی: "تورکیا بۆ ئەوەی ببێتە هیوایەک بۆ ئەوانەی متمانەیان پێیەتی، دەبێت کشانەوەی خۆی لە پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە رابگەیێنێت. هەروەها پێویستە بنکەی راداری کورەجیک و بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیک دابخرێن. هەروەها گرووپی D-8 چالاک بکرێتەوە و هەڵوێستێکی پتەو بەرامبەر ستەم و نادادپەروەرییەکان نیشان بدرێت."
 
"پێویستە هێرشی دیپلۆماسی بکرێت"
 
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو کە لە دژی ئێران پشتگیریی ئیسرائیل دەکەن، ئەربەکان داوای دەسپێشخەریی دیپلۆماسی کرد و رایگەیاند، ململانێ مەزهەبی و نەتەوەییەکان لە وڵاتانی ئیسلامی، لە چوارچێوەی پلانێکی پێشوەختەدا داڕێژراون.
 
لە کۆتاییدا ئەربەکان ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە تورکیا بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، سیاسەتێکی دەرەوەی چالاکتر و بڕیاردەرانەتر پەیڕەو بکات.
 
پێشتر چەند جارێک ئەنقەرە بەوە تۆمەتبار کرابوو، کە گوایە ئیسرائیل لە بنکەی کورەجیک کە دەکەوێتە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان، زانیاری وەردەگرێت. بەڵام حکومەتی تورکیا ئەمەی رەتکردووەتەوە.