وەزیری وزەی تورکیا: شەو و رۆژ بەدوای نەوت و غازدا دەگەڕێین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، شەو و رۆژ بەدوای نەوت و غازی سرووشتیدا دەگەڕێن و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتیش دەستیان بە گەڕان کردووە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی شەممە، 4-4-2026، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری سەردانی پارێزگای ترابزۆنی کرد و لەوێ گوتارێکی پێشکێشکرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا جەختیکردەوە، لە کەرتی وزەدا کار بۆ ئەوە دەکەن تورکیا لە پشتبەستن بە دەرەوە رزگار بکەن و گوتی: "بەداخەوە تورکیا لە کەرتی وزەدا وڵاتێکە پشتی بە دەرەوە بەستووە. لە هەر سێ یەکە وزەیەک کە بەکاری دەهێنین، نزیکەی دوو یەکەی هاوردەکراوە. لە غازی سرووشتی، نەوت، سووتەمەنی و خەڵووزیشدا هەر وایە. بۆیە دەڵێین هەرچەندە ئەم پشتبەستنە بە دەرەوە کەم بکەینەوە، ئەو دراوە بیانییەی دەچێتە دەرەوە لەناو گیرفان و خەزێنەی خۆماندا دەمێنێتەوە. ئەو کاتە کێشەکانی هەڵاوسان و دراوی بیانی لە تورکیا نامێنن."
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بە قەبارەی خەرجییەکانی وزە کرد و گوتی: "ساڵی 2022 ساڵێکی پڕ لە قەیران بوو. ساڵێک بوو کە دوای پەتای کۆرۆنا هەموو هاوسەنگییەکانی جیهان گۆڕان. لەو ساڵەدا نزیکەی 96.5 ملیار دۆلار پارەی وزەمان داوە. لە ساڵانی 2023 ، 2024 و 2025دا کەمێک دابەزیوە، بەڵام ئەگەر تورکیا ساڵانە 60 بۆ 70 ملیار دۆلار بداتە دەرەوە، ناتوانێت ئەو بازنە ئابوورییە بشکێنێت. بۆیە شەو و رۆژ بەدوای نەوت و غازدا دەگەڕێین."
بایراکتار دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی گرنگیی زۆری بە گەڕان بەدوای غازی سرووشتی داوە و گوتی: "پێنج کەشتیمان لە دەریای رەشدا کار دەکەن. ساڵی 2020 گەورەترین دۆزینەوەی گازی سرووشتیمان لە مێژووی کۆمارەکەماندا تۆمارکرد. ئێستا ئەو غازەی بەرهەمی دەهێنین، 4 ملیۆن ماڵ سوودی لێ دەبینن. پەنا بەخوا ساڵی 2026 ئەم ژمارەیە بۆ دوو هێندە زیاد دەکەین. خوا یار بێت ساڵی 2028 دەیگەیەنینە چوار هێندە".
پرسیار لەسەر نەوتی گابار دەکرێ
لەبارەی نرخی سووتەمەنی و کارەبا، بایراکتار گوتی:"هاووڵاتییانمان لێمان دەپرسن، جەنابی وەزیر، لە گابار نەوتت دۆزییەوە، ئەی چی بەسەر نرخی سووتەمەنی و پسوولەی غاز و کارەبادا دێت؟ سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان لە جیهاندا، ئێمە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانمان کەمترین کاریگەرییان لەسەر بێت، بەگوێرەی توانای خۆمان بەردەوامین لە پشتیوانیکردن. لەسەر ئاستی ئەورووپا، تورکیا هەرزانترین کارەبا لە ماڵاندا بەکاردەهێنێت. سێیەم هەرزانترین گازی سرووشتی و دووەم هەرزانترین بەنزین و چوارەم هەرزانترین گازوایل پێشکێش دەکات."
وەزیری وزەی تورکیا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی نرخەکان، باجی سەر سووتەمەنییان 13.5 لیرە (نزیکەی 30 سەنت) بۆ هەر لیترێک هەڵگرتووە و گوتی:"تەنیا تێچووی پشتیوانیکردنی نرخەکان لەم دواییانەدا 600 ملیار لیرە بووە بۆ خەزێنەی دەوڵەت. ئامانجی سەرۆککۆمارمان ئەوەیە بە هەموو توانایەکمانەوە رێگە نەدەین هاووڵاتییانمان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە تووشی گرفت بن".
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەت، لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا رۆژانە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێ و شرنەخ بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی 81 هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمدایە.