سرری ساکک: رێگە نادەین حساب بۆ کورد نەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سرری ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای ئەوەی بەهۆی بانگهێشتنەکردنی سەرۆکی لقی دەم پارتی پرۆگرامێکی پارێزگای ئێسکیشەهیری جیهێشت، بە رووداوی گوت، رێگە نادەن هیچ کەسێک ویستی کورد و پێگەی دەم پارتی وەلا بنێت.

دوای ئەوەی لەلایەن کۆمەڵەیەکی چالاکڤانیی ئاگرییەوە بانگهێشتی پرۆگرامێکی پارێزگای ئێسکیشەهیری تورکیا کرابوو کە رۆژی 4-4-2026 بەڕێوەچوو، سرری ساکک گوتارێکی کورتی پێشکێشکرد و بەهۆی بانگهێشتنەکردنی سەرۆکی لقی پارتەکەی، ئەوێی جێهێشت. ئەمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی دروست کردووە.
 
سرری ساکک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:"ئەوان هەوڵیان دا حساب بۆ پارتەکەی ئێمە نەکەن، ئێمەش رێگەمان نەدان و بەرپەرچمان دانەوە. چونکە ئاکەپە و جەهەپە هەر چییەک بن، دەم پارتیش هەر ئەوەیە".
 
ساکک بە رووداوی گوت، لەوکاتەی لە هۆڵەکە دەرچووە، بەشێکی زۆری ئەو کوردانەی لەوێ ئامادە بوون، هۆڵەکەیان جێهێشت و گوتی:"لە پەرلەمان قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکەم. جا ئەو کۆمەڵانەی لەوێ بوون، کۆمەڵەی کوردی ئاگری بوون، ئەمە زیاتر نیگەرانی کردم".
 
سرری ساکک دوای ئەوەی لە پرۆگرامەکە بینی سەرۆکی لقی دەم پارتی لە ئێسکیشەهیر بانگهێشت نەکراوە، چووە سەر سەکۆی گوتاردان و گوتی:"زۆر نیگەرانم! من کە هاتمە ئێرە، بەخوا لەبەر ئەوەی باوەڕم وابوو لێبوردەیی یونس ئەمرە، شێخ ئەدیباڵک و ئەحمەدی خانی لێرە دەبینم، بۆیە هاتم. بەڵام سەیرکەن ئێمە سێیەمین گەورە پارتی تورکیاین. لە پرۆتۆکۆڵ دا سەرۆک لقی جەهەپە و ئاکەپە هەن و دێنە سەر ئەم سەکۆیە. ئەگەر ئێوە پارتەکەی من بە هیچ بزانن، ئەوا دەبێ بشزانن کە ئێمە لەپێناوی شەرەفمان شەڕمان کردووە".
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە راشیگەیاند، پەنجا ساڵە کورد لەسەر ئەو خاکەدا لەپێناوی شەرەفی مردووە و کەس ناتوانێ حساب بۆ ئەمە نەکات. ئینجا هۆڵەکەی جێهێشت.