ئاکپارتی لەبارەی سرری سورەییا ئۆندەر: تەواوی توانای خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی بەکارهێنا
رووداو دیجیتاڵ
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر کرد و ستایشی هەوڵەکانی بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد.
گوتەبێژی ئاکپارتی لەدوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دووبارە سەرەخۆشیی ئاکپارتیی ئاراستەی خانەوادەی ئۆندەر و دەم پارتی و خەڵک کرد.
هاوکات باسی هەوڵەکانی ئۆندەری بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد و گوتی: "کاتێک ئێمە پێماندەگوت ئاگات لە تەندروستیت بێت، ئەو دەیگوت با بگەینە ئەنجام، ئینجا خەمێک لە تەندروستیم دەخۆم".
چەلیک رایگەیاند کە لە پرۆسەکەی پێشتر و ئەمەی ئێستاش لەگەڵ سری سورەییا ئۆندەر کاریان کردووە و گوتی: "لەم رێگەیە تەواوی کاتی کاری، ئەزموونی رۆشنبیری و توانای بەکاردەهێنا. تەنانەت بە پێویستی دەزانی پرۆسەکە خێراتر بەڕێوەبچێت. لە دیدارەکانماندا بەردەوام جەختی لەسەر ئەمە دەکردەوە. ئەو تابلۆیەی لە کاتی بەخاکسپاردنی بینرا، بینیمان زۆرینەیەکی جیاواز لە بیرکردنەوە و بۆچوون کۆبوونەوە، کە ئەمە نیشانی دەدا سری دیواری نێوان ناسنامە و بیرکردنەوە جیاوازەکان دەتوێنێتەوە و هەوڵی بۆ ئەوە داوە".
لەکاتێکدا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی بوو و لە گەرمەی دیدار و کۆبوونەوە بوون لەگەڵ پارت و لایەنەکان، رۆژی 15-4-2025 کتوپڕ تەندروستیی تێکچوو و پزیشکانی رایانگەیاند کە جەڵتە لێیداوە. دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئۆندەر رۆژی شەممە 3-5-2025 کۆچی دواییکرد.
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: "پەنابەخوا بە پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە و گەیشتن بە 'تورکیای بێ تیرۆر' پەیامێکی بەهێز بۆ یادی سری سورەییا ئۆندەر دەنێرین".
پرۆسەی ئاشتیی ئەمجارە لە رۆژی 1-10-2024ـــەوە بە تەوقەکردنی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەم پارتی لە پەرلەمان دەستیپێکرد.
دواتر دیدارەکانی ئیمراڵی و پارت و لایەنە سیاسییەکان بووە هەنگاوی درێژەپێدەری پرۆسەکە.
ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن کە بەگوێرەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەبێت کۆنگرە ببەستن، چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
هاوکات چاوەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی ئەنقەرەن لەمبارەیەوە.