پەکەکە: بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگاتە ئەنجام، پێویستە پێگەی رێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەرایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە خۆی بە بزووتنەوەی ئاپۆیی بەناو دەکات، لە ساڵیادی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، "بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگاتە ئەنجام، پێویستە ستاتۆی رێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و هەنگاوی یاسایی و حقووقی بنرێت."
بەرێوەبەرایەتیی پەکەکە لە ساڵیادی 12یەمین کۆنگرەی پارتەکەی، کە لە نێوان 5-7ی ئایاری 2025 بەڕێوەچوو، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کە ئەمڕۆ سێشەممە پێنجی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا (باشووری کوردستان) بەڕێوەچووە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە مستەفا کاراسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە بەشدارییان تێدا کردووە، دوای خوێندنەوەی راگەیێندراوەکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان دراوەتەوە.
دەقی کوردیی راگەیێندراوەکە لەلایەن سۆزدار ئاڤێستا و دەقی تورکییەکەشی لەلایەن مستەفا کاراسو خوێندراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدرا، ساڵێک بەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دژی تورکیا تێپەڕیوە.
لە راگەیێنراوەکەدا باس لە هەموو ئەو کار و بڕیارانە کراوە، کە پەکەکە لەماوەی ئەم ساڵەدا ئەنجامی داون لە چوارچێوەی پرۆسەکە، هەروەها داوا دەکەن ئۆجەلان وەک لایەنێکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دەڵێن "رێبەر ئاپۆ، خوازیاری کۆمارێکی دیموکراتییە کە تێیدا کێشەی کورد لە رێگەی یەکگرتنی دیموکراتییەوە چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە قۆناخی سەد ساڵەی گرژی و پێکدادانی نێوان تورکیا و گەلی کورد بهێندرێت. ئامانج و هەوڵەکانیشی لەم چوارچێوەیەدان، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵی خۆی لە بەدیهێنانی ئامانجێکی لەو شێوەیەدا ببینێت، پێویستە وەک لایەنێکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە دەوڵەت ئیرادەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەیە. بە دیاریکردنی پێگەی یاسایی رێبەر ئاپۆ وەک لایەنێکی دانوستاندنکار، پرۆسەیەکی راستەقینەی چارەسەری دەست پێدەکات".
لە راگەیێنراوەکەدا باس لە لێدوانی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی ئاکپارتی کراوە، کە دەڵێن پرۆسەکە بەردەوامە و هیچ ئاستەنگییەک نییە، پەکەکە پێیوایە ئەم لێدوانانە "گوزارشت لە دۆخی ئێستا ناکات. کاتێک پێگەی رێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و بگاتە هەلومەرجێکی ئازاد بۆ کارکردن، ئەو کاتە دەتوانین باسی پێشکەوتنی پرۆسەکە بکەین".