پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی دەڵێت ئامەدسپۆر کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی چارەسەری دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد سەیت یاز، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) دەڵێت، سەرکەوتنی ئامەدسپۆر کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دەبێت. بەرپرسانی تورکیا و بەشێک لە پارتە سیاسییەکان پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبەن. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی، رۆژی سێشەممە 5-5-2026 لە پەرلەمان گوتی: "پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر دەکەم کە لە وەرزی داهاتوودا لە خولی نایاب (سوپەرلیگ) نوێنەرایەتیی دیاربەکرەکەمان دەکات. لەو رێگە سەختەدا هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. جارێکی دیکە لەوە تێگەیشتین کە تۆپی پێ تەنیا یارییەک نییە! هاوکات پەیوەندیدارە بە زۆر بواری وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونزانیش. لەگەڵ ئەو رۆڵە ئەرێنییەی لە ئابووریی شارەکەمان دەیبێت، بڕوام وایە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر دەبێت".
 
هاوکات لەبارەی ئەو پشێوییانەی لەبارەی یانەکە لەنێوان نەتەوە و پارتە سیاسییەکان دروست دەبن، یاز گوتی: " ئەگەر بوارە دەروونییەکە لەلایەن کۆمەڵگەی وەرزشییەوە بە باشی کاری لەسەر بکرێ، دەبێتەهۆی پێکەوەبوون، یەکێتی، برایەتی، هاوپشتی و خۆشەویستیی کۆمەڵگە، بەڵام ئەگەر بکرێتە داردەستی قومار و فێڵبازی، ئەوکات دەکرێ پشێوییەک بنێتەوە کە کۆنترۆڵ نەکرێ".
 
ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا رۆژی 02-05-2026 بووە میوانی یانەی ئیدر، دوای ئەوەی یارییەکە 3-3 کۆتایی هات، ئامەدسپۆر بەو یەکسانبوونەی لەگەڵ ئیدرسپۆر، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 لە 38 یاریدا. ئەو یانەیە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە خولی پلە یەکەوە چووە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا.