لە هاتای گەنجێکی سووری دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای هاتای تورکیا هێرشکرایه سهر گەنجێکی سووری تەمەن 17 ساڵ بە ناوی فارس محهممهد عهلی و کوژرا. وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بەدواداچوون دەکەن.
رووداوەکە شەوی 3ی ئەیلوولی 2022 لە شارۆچكەی نارلجا سەر بە پارێزگای هاتای روویدا؛ ئەو گەنجە سوورییە لەو شارۆچکەیە لە کارگەیەکدا وەک کرێکار کاری دەکرد و پێنج کەسی تورک رێگەیان لێگرت و دوای ئەوەی برینداریان کرد، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
فارس محهممهد عهلی لەگەڵ دایکی و براکەی لە شارۆچکەی نارلجا دەژیا و باوکی لە شەڕی سووریا گیانی لەدەستداوە؛ ئەو ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەکاندا کۆنمرەی 100٪ بووە و مافی خوێندنی لە بەشی پزیشکی زانکۆی بالیکەسیر بەدەستهێنابوو.
فارس دەیویست ببێتە پزیشک و بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خوێندن لە کارگەیەکدا کاری دەکرد.
ههفتهیهك بەر لەو رووداوە، فارس محهممهد عهلی له كاتی كاركردندا لهگهڵ ژنێک کە سەرپەرشتیاری کرێکارانی كارگهكهیە، بووە بە شەڕیان و دواتر داوای لێبووردنی لێکرد و بابەتەکە داخرا، بەڵام شەوی سێشەممە لە کاتێکدا فارس لەگەڵ هاوڕییەکیدا بە ناوی عەبدوڕەحمان دوای کارکردن لە شارۆچکەکەدا پیاسەیان دەکرد، لەلایەن پێنج کەسەوە رێگری لێکرا کە لەنێویاندا کوڕی ئەو ژنە هەیە کە لەگەڵ فارسدا ببووە بە شەڕیان.
ئەو کوڕە لە فارسی پرسیوە: "تۆ خۆت کێشاوە بە دایکمدا؟" ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی: "بە هەڵە روویدا؛ داوای لێبوردنم کرد، بابەتەکە داخراوە."
ئەو پێنج کەسە تورکە بە فارس دەڵێن: "لەگەڵ ئێمە پیاسە بکەن" و بە بۆکس لە سەری عەبدولڕەحمانی هاورێیان داوە و چەقۆیان لە پشتی فارس داوە و هەڵاتوون؛ فارس دوای ئەوەی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە.
عەبدولڕەحمانی هاورێی دەڵێ: "فارس لەسەر زەوی کەوتبوو و هاوارم کرد بۆ ئەوەی خەڵکی یارمەتیمان بدەن، بەڵام کەس بەهانامانەوە نەهات؛ هەر بۆیە فارس خوێنێکی زۆری لێ رۆیشت و لە نەخۆشخانە ماڵئاوایی لە ژیان کرد."
رۆژی یەکشەممە 4ی ئەیلوول بولەنت یڵدرم، سەرۆکی دەزگای فریاگوزاری مرۆیی تورکیا سەردانی دایکی فارسی کرد. سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیاش بە تەلەفۆن لەگەڵ حەسون عەلی، برای فارس قسەی کرد و هاوخەمی خۆی بۆ خێزانەکە دەربڕی و رایگەیاند، بەدواداچوون دەکەن و تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەیێنن.
پارێزگای هاتای سەبارەت بە رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەو تاوانبارانە لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیرکراون و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون."
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئەیلوول، تەرمی فارس محهممهد رادەستی کەسوکاری بکرێتەوە و لە ئیدلبی سووریا بەخاک بسپێردرێت.