نرخی زێڕ لە 2024ـەوە لە تورکیا بەڕێژەی 163٪ بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بێ وچانەکانی بەردەوامە، زێرینگەرانی تورکیا لە 58ـەمین پێشانگەی زێڕی ئیستەنبووڵ هەست بە گوشاری نرخ، بەتایبەتی بە دراوی نیشتمانی دەکەن.
 
نرخی جیهانیی زێڕ لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە نزیکەی 45% بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا بە لیرەی تورکی، نرخەکەی زیاتر لە دوو هێندە لە ساڵی 2024ـەوە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
سێرمین کۆچ، زێرینگەرە و باس لەوە دەکات، "بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی زێڕ لە رووی ئابوورییەوە گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر خەڵک. ئەوە کاری ئێمەی زۆر قورس کردووە. نزیکەی 25٪ بۆ 30% کەمبوونەوەمان لە فرۆشدا بینیوە."
 
بەرزبوونەوەی تێچووی کڕینی زێڕ وایکردووە، زۆرێک لە کڕیاران ڕوو لە کڕینی پارچەی سووکتر و کێشی کەمتر بکەن، لە کاتێکدا بەرهەمهێنەران بەهۆی کەمبوونەوەی قازانجەوە دەناڵێنن.
 
بەپێی کۆمەڵەی هەناردەکارانی زێڕینگەرانی تورکیا، هەناردەکردنی زێڕ لە ساڵی 2024 گەیشتە 7.5 ملیار دۆلار و لە مانگی یەکی ئەم ساڵەوە تاوەکو مانگی 7 گەیشتووەتە 5.07 ملیار دۆلار.
 
موراد کۆسکەر، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکارانی زێڕینگەریی تورکیا باس لەوە دەکات، "رەنگە ژمارەکان وا دەرکەون کە هەناردەکردن زیادیکردووە، بەڵام دامەزراندن و وەبەرهێنانی لەم کەرتەدا کەم بووەتەوە. لە راستیدا، توانای بەرهەمهێنانی ئێمە لە دوو ساڵی رابردوودا دابەزیوە."
 
لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار بە رێژەی 40٪ دابەزیوە. لە هەمان ماوەدا نرخی زێڕ بە لیرەی تورکی بە رێژەی 163٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.