135 قاچاخچیی چەک لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە 41 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتیی چەک و تەقەمەنی بەڕێوەچووە و 135 کەس دەستگیرکراون. 9 پارێزگایان لە باکووری کوردستان بوون.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژماری تای خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس پەیامێکی بڵاوکردەوە. 
 
بەگوتەی یەرلیکایا، پارێزگای ئادانای تورکیا و پارێزگاکانی ئەرزینگان و وانی باکووری کوردستان ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکە بوون. 
 
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بە هاوئاهەنگی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگاکان ئەنجامدراوە، تیمەکان دەستیان بەسەر 95 چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە و 135 کەسیش دەستگیرکراون.