ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: گەیشتووینەتە قۆناخێکی نوێ

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا دەڵێت، بە هەنگاوی دڵنیاوە بەرەو ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" هەنگاو دەنێین. ئاماژە بەوەش دەکات، لە پرۆسەکەدا گەیشتوونەتە "قۆناخێکی نوێ."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان باسی پرۆسەی چارەسەری کرد.
 
ئەردۆغان گوتی، بێ گوێدانە هەوڵە دنەدەرەکان و بێ دەرفەتدان بە هەوڵە نهێنی و ئاشکراکان، کە ئامانجیان تێکدانی پرۆسەکەیە، بەردەوامن لە کارکردن.
 
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە لایەکەوە رێوشوێنی تووندی ئەمنی و بەرگری دەگرنەبەر و لە لایەکی دیکەشەوە، بە بوێرییەوە هەنگاوەکان دەنێن لەبارەی ئەو پرسەی کە نیو سەدەیە وڵاتەکەی پێیەوە دەناڵێنێت.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "هەفتەی رابردوو، بە پێشوازیکردنمان لە بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هەروەها پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، کۆبوونەوەیەکی زۆر بنیاتنەرمان ئەنجامدا. جارێکی دیکە دووپاتمان کردەوە کە خاوەنی نیگەرانیی هاوبەشین. وا دەردەکەوێ کە گەیشتووینەتە قۆناخێکی نوێ. پێویستە هەموو لایەک گرنگی بە بەشداریکردن بدەن."
 
لەبارەی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "لە 5ی ئابەوە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی، ئەرکی دامەزراندنی خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات. گفتوگۆکردنی هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە و دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکان، تەنانەت ئەگەر دژیش بن، بە زۆر بەنرخ دەزانین. ئێمە ئەزموونێکی بەهێزمان کۆکردووەتەوە کە رێنوێنیکاری بڕیاردەران دەبێ. گرنگییەکی زۆر دەدەین بەو راپۆرتە گشتگیرەی کە کۆمیسیۆنەکەمان دەینووسێت و ئەو نەخشەرێگە یاساییەی کە بۆ قۆناخی داهاتوو دایدەڕێژێ. بە کەمێک هەوڵی زیاتر ئەم پرۆسەیە تەواو دەکەین."
 
ئەردۆغان باسی لە یاداشتی درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیای لە عێراق و سووریاش کرد، لەو بارەیەوە رەخنەی لە جەهەپە گرت بەوەی بیری لای ئاسایشی تورکیا نییە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "یاداشتی درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا بۆ سێ ساڵ، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی، بە هاوپەیمانییەکی گەورە پەسند کرا. سوپاسی هەموو ئەو پارت و پەرلەمانتارانە دەکەم کە دەنگی بەڵێیان بەم یاداشتە گرنگە دا."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، "چاومان لەسەر خاک، سامانە ژێرزەوی و سەرزەوییەکان و سەروەریی هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. سەربازەکانمان لە هەر ناوچەیەک بن، بوونەتە گەرەنتیی ئارامی و ئاشتی. لەمەودواش بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە ئاشتی و برایەتی. ساڵانێکی زۆری دیکەش بەردەوام دەبین لە بەخشینی دڵنیایی بە دۆستانمان."