کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ سەردانیکردنی ئۆجەلان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێ کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، پرسی سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بخاتە نێو کارنامەی خۆیەوە.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئەم هەفتەیە یەکلایی دەبێتەوە ئایا کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمراڵی دەکات یان نا.
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی رۆژی پێنجشەممە شەشی تشرینی دووەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت گرنگترین خاڵی کارنامەی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە کە بڕیارە سبەی کاژێر 11:00 دەست پێبکات، سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت لە ئیمراڵی.
بە پێی میدیای تورکیا، لە کۆبوونەوەی سبەینێدا دەنگدان لەسەر ئەوە دەکرێ کە ئایا بۆ گوێگرتن لە ئۆجەلان سەردانی ئیمرالی بکرێ یان نا.
ئەگەر پارتە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن، رەنگە شاندی کۆمیسیۆنەکە پێش کۆتاییهاتنی هەفتەی داهاتوو سەردانەکە بکات.
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە کۆی گشتی 11 پارتی سیاسی و 51 ئەندام پێکدێت.
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە 22 ئەندام، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 11 ئەندام، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە 4 ئەندام، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە 5 ئەندام و هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت، پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی-دەڤا، ئایندە، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ و پارتی کرێکارانی تورکیا بە 9 ئەندام نوێنەرایەتی دەکرێن.
دەرکردنی بڕیار لە کۆمیسیۆنەکەدا کە لە 51 ئەندام پێکدێت، پێویست بە زۆرینەی رەها هەیە.
بۆ ئەوەی بڕیاری سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی پەسندبکرێ، پێویستە لەو دەنگدانەدا لە کۆی 51 ئەندام 31 ئەندام دەنگی بەڵێ بدەن.