کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری کۆبوونەوەکەی سبەی دواخست
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراو، بڕیاربوو سبەی کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.
چاوەڕوان دەکرا گرنگترین خاڵی کارنامەی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە کە بڕیار بوو سبەی کاژێر 11:00 بکرێت، پرسی سەردانیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت لە ئیمراڵی.
کۆمیسیۆن، پلانی دانابوو لە کۆبوونەوەکەدا بێجگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی سەردانەکە، گوێ لە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیاش بگرێت.
بەڵام بەهۆی ئەوەی یەرلیکایا رایگەیاندووە ناتوانێت بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکات، بەهۆی سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات، کۆمیسیۆن بڕیاریداوە کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخات.