لە هێرشێکی چەکداریدا لە ئیستەنبووڵ دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لەبەردەم دادگەی چاغڵایانی لە ئیستەنبووڵ دوو چەکدار تەقەیان بەسەر چەند کەسێکدا کرد و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم پێنج کەسی دیکە بریندار بوون.
عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، کاژێر 11:46 لەبەردەم دادگەی چاغڵایانی ئیستەنبووڵ هێرشێکی چەکداری روویدا؛ دوو چەکدارەکە کوژران و شەش کەسی دیکە بریندار بوون کە سێیان هاووڵاتیی سڤیلن و ئەوانی دیکەش پۆلیسن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی کە دوو هێرشکارەکە یەکێکیان ژنە و هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی ئەمنیی دادگەکە.
ژمارەیەکی زۆر تیمی پۆلیس و پزیشکی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. بریندارەکان بە ئەمبوولانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە دادگەکە راگیرا. شەعبان یڵماز، سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ و جێگرەکانی سەرۆکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەو دوو هێرشکارەی کە کوژراون یەکێکیان ژنە و ئەندامی رێکخراوی دەهاش-کاپەجە بوون، کە رێکخراوێكی چەپی تورکن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە هێرشەکە گوتی، "ئەمڕۆ کاژێر 11:46 خولەک هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر بازگەی پۆلیس لەبەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ. ژنێک و پیاوێک کە هێرشەکەیان کردووە، کوژراون. شەش کەس برینداربوون کە سیانیان پۆلیسن".
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێكی دیکەدا رایگەیاند، ئەو دوو کەسەی کوژراون ناویان (ئە. یە.) و (پ. ب.) بوون و سەلمێنراوە کە ئەندامی رێکخراوی دەهاش-کاپەجە بوون.