ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان 85.6 ملیۆنی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان 292 هەزار و 567 کەس زیادیکردووە و، لە ساڵی 2024ـدا گەیشتووەتە زیاتر لە 85 ملیۆن کەس.
ئەم دامەزراوەیە کە دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەتە، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025) داتاکانی سیستمی تۆمارکردنی دانیشتووانی تورکیای بۆ ساڵی 2024 راگەیاند.
بە گوێرەی داتاکان، پار گەشەی دانیشتووان 3.4 بووە و گەیشتووەتە 85 ملیۆن و 664 هەزار و 944 کەس. لەو ژمارەیە 42 ملیۆن و 853 هەزار و 110 کەس لە رەگەزی نێرن و 42 ملیۆن و 811 هەزار و 834 کەسیش لە رەگەزی مێن.
جگە لەوە؛ بەراورد بە ساڵی 2023، لە ساڵی 2024ـدا 90 هەزار هاووڵاتی بیانی لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان کەمیکردووە. ژمارەی بیانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بۆ یەک ملیۆن و 480 هەزار و 547 کەس کەمیکردووە.