ئەردۆغان لە ساڵیادی بوومەلەرزەکەی شووباتدا: شارەکانمان ئاوەدانکردنەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە سێیەمین ساڵیادی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتدا رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵدا توانیویانە شارە وێرانبووەکان ئاوەدان بکەنەوە و بەڵێنەکەیان بۆ لێقەوماوان جێبەجێ بکەن.
 
رۆژی هەینی، 6ـی شوباتی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لە پرۆسەی بنیادنانەوەی ئەو ناوچانە کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023ـەوە زیانیان پێگەیشتبوو.
 
ئەردۆغان نووسیویەتی: "بەڵێنمان بە گەلەکەمان دا یادەوەرییەکانیان هەمیشە لە دڵ و بیرماندا بە زیندوویی رابگرین، خاوەندارێتی لە ئەمانەتەکانیان بکەین و ئەو شارانەمان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخابوون، جارێکی دیکە بنیاد بنێینەوە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا دەشڵێت: "ئەمڕۆ بە یارمەتیی خودا، لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو بووین. لە ماوەیەکی کورتی وەک سێ ساڵدا شارەکانمان بنیادنایەوە و ئاوەدانمان کردنەوە؛ ئێمە بەڵێنەکەمان بردە سەر."
 
هاوپێچ لەگەڵ پەیامەکەیدا، ئەردۆغان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا وێرانکارییەکانی کاتی کارەساتەکە و دیمەنی شارەکان دوای تەواوبوونی پڕۆژە نیشتەجێبوونە نوێیەکان نیشان دەدات.
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان پارێزگای مەرەش بوو، باکووری کوردستان و تورکیایان هەژاند. بوومەلەرزەکان کاریگەرییان لەسەر 11 پارێزگا هەبوو و وێرانکارییەکی گەورەیان لە شارەکانی وەک ئادیامان، هاتای، مەلەتی و دیلۆک بەجێهێشت.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانەدا 53,537 کەس گیانیان لەدەستدا و 107,213 کەسیش بریندار بوون. هەروەها هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی رووخان یان زیانی تووندیان بەرکەوت.