پێشنیاز دەکرێت بۆ پێدانی 'مافی هیوا' بە ئۆجەلان پەنا بۆ ریفراندۆم ببرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ رەتیدەکاتەوە لەسەر پرسی پێدانی "مافی هیوا" بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەنگی لە پەرلەماندا هەبێت و پێشنیاز دەکات ئەو بابەتە بخرێتە ریفراندۆمەوە.
دۆغان بەکین، ئەندامی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لەسەر لیستی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، رۆژی هەینی، 6ـی شوباتی 2026 رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە کۆدەنگیی پارتەکان دەکەن لەسەر پرسی ئازادکردنی مەرجداری ئۆجەلان، دوورن لە راستییەوە.
دۆغان بەکین، وەڵامی فەتی یڵدز، یاریدەدەری دەوڵەت باخچەلی و نوێنەری مەهەپەی دایەوە کە باسی لە کۆدەنگی کردبوو. بەکین گوتی: "ئەو قسانە ئیرادەی کۆمیسیۆنە 51 ئەندامییەکە دەرنابڕێت، بەڵکو تەنیا گوزارشت لە کەس و پارتی لێدواندەر دەکات."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا رەشنووسی راپۆرتەکە لەلایەن نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانەوە بەسەر ئەنداماندا دابەش نەکراوە، بۆیە بە دروستی نازانن پێشوەختە لێدوانی لەو شێوەیە بۆ رای گشتی بدرێت.
لەبارەی هەڵوێستی پارتەکەیان لەسەر پرسی "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، دۆغان بەکین جەختی کردەوە کە "راستەقینەترین رێگە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە، بریتییە لە ریفراندۆم."
مافی هیوا چەمکێکی یاساییە و بە واتای پێداچوونەوە بە سزای ئەو کەسانە دێت، کە سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەم مافە دەرفەت دەداتە زیندانی کە دوای بەسەربردنی ماوەیەکی دیاریکراو لە زیندان و بە رەچاوکردنی رەفتار و هەڵسوکەوتی، ئەگەری ئازادکردنی مەرجداری بۆ هەڵبسەنگێندرێت، تاوەکو بتوانێت دووبارە بۆ نێو کۆمەڵگە بگەڕێتەوە و باقی سزاکەی لە دەرەوەی زیندان تەواو بکات.