گەرگەرلیئۆغڵو لە گرتووخانە دەرچوو

رووداو دیجیتاڵ
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە گرتووخانە دەرچوو و یەکەم شوێن کە بۆی چوو، بارەگای پارتەکەی بوو لە ئەنقەرە.
 
دوای ئەوەی دادگای دەستووریی تورکیا لە وەڵامی تانەیەکدا ئاماژەی بە پێشێلکاری یاسایی دژی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو کرد، دادگای خۆجێی بڕیارەکەی پێگەیشت و لەو سۆنگەیەوە بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە گەرگەرلیئۆغڵو لە گرتووخانە دەرچوو. ساڵح گەرگەرلیئۆغڵو لە تویتێکدا نووسیویێتی: "پۆلیس رێگەی نەدا باوکم لەبەردەم گرتووخانە روونکردنەوە بدات. ئێستا دەڕۆینە بارەگای هەدەپە".
 
گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر بازنەی پارێزگای کۆجائەلیی تورکیا بوو، بەڵام بەهۆی پۆستێک کە رەخنەی لە دەسەڵات گرتبوو، رۆژی چوارشەممە 17ی ئاداری 2021 بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە مافی پەرلەمانتاری لێوەرگیرایەوە.
 
دوای لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری، گەرگەرلیئۆغڵو دەستگیرکرا و خرایە گرتووخانەوە و بە بڕیاری دادگا سزای دوو ساڵ و نیوی بەسەردا سەپێنرا. بەڵام دادگای دەستووریی تورکیا ئەمەی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادیی تاک ناوبرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی دەرکرد.
 
هەرچەندە رۆژی 1ی تەمموز بڕیارەکە درا، بەڵام گەرگەرلیئۆغڵو ئازادنەکرا. رۆژی دووشەممە لە ئەنقەرە و لەبەردەم گرتووخانەی سینجان خۆپێشاندان بۆ ئازادکردنی گەرگەرلیئۆغڵو بەڕێوەچوو. گرژی لە نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس دروستبوو و هێزەکانی پۆلیس ژمارەیەک خۆپێشاندەریان دەستگیرکرد کە یەکێک لەوان ساڵح گەرگەرلیئۆغڵو، کوڕی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو بوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە ساڵح گەرگەرلیئۆغڵو ئازادکرا، هەر ئێوارەی ئەمڕۆ دادگای خۆجێی بڕیاری ئازادبوونی بۆ عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو دەرکرد. ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە دوای بێتاوانبوونی گەرگەرلیئۆغڵو، مافی پەرلەمانتارێتیی پێدەدرێتەوە یاخود نا؟
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو تۆمەتبارکرابوو بەوەی بانگەشە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات کە لە دیدی حکومەتی تورکیا وەکو رێکخراوێکی تیرۆرستی دەناسرێت.