ئێشكگری دیموكراسی!
رووداو - هەولێر
سێ هەفتە بەسەر هەوڵی كودەتاكەی توركیا تێپەڕیوە، هەرچەندە پووچەڵكردنەوەی هەوڵی كودەتاكە كەمتر لە 24 كاژێری خایاند، بەڵام تائێستا رەوشێكی نائارام بەسەر دۆخی نێوخۆی توركیا زاڵە.
حكومەتی ئاكپارتی، درێژە بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی لایەنگران و ئەندامانی بزووتنەوەی گیولەن دەدات، بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان لە كودەتاكە هەبووە، بەو هۆیەشەوە هەزاران كەس لەسەر كارەكانیان دوورخراونەتەوە.
ئاكپارتی لەڕێگەی لایەنگرانییەوە، شەوانە لە مەیدانی شارەكاندا میتینگی جەماوەری بەناوی (ئێشكگری دیموكراسی) یەوە رێكدەخات، سەیر لەوەدایە جگە لە مێترۆپۆلەكانی توركیا، لە پارێزگاكانی وەك ئامەد، مێردین، سێرت و هیتدی.. باكوری كوردستان، شەوانە هەمان میتینگ لە دژی كودەتا و وەك پشتیوانییەك بۆ حكومەتی ئاكپارتی بەڕێوەدەچێت. هاوكات پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، چەندین كۆبوونەوەی جەماوەری بە درووشمی "ئاشتی بۆ دیموكراسی توركیا" ئەنجامداوە و جەخت لە گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆكان دەكاتەوە.
ئەو میتینگانەی لەلایەن ئاكپارتییەوە رێكدەخرێن، دوو هۆكاریان لەپشتە. یەكەم: بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداوێكی نەخوازراو بگیرێت هاوشێوەی رووداوەكەی 15ی تەمموز. دووەمیشیان ئەوەیە رێگری لە كەسوكاری ئەوانە بگیرێت كە وەك ناڕەزایی دەربڕین نەڕژێنە شەقامەكان، لەبەرامبەر ئەوەی لەسەر كارەكانیان دوورخراونەتەوە.
هەدەپە لە كوێی ئەم شەڕەدایە؟
یەك لە هەڵوێستە سیاسییەكانی توركیا، كە گرنگە باسی لێوە بكەین، هەڵوێستی (هەدەپە) یە، هاوسەرۆكی پارتەكە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە شەوی كودەتاكە، كاتێ تانكەكان هاتنە سەر شەقامەكان گوتی "لەدژی كودەتای سەربازین و ئیدانەی دەكەین". ئەمە تاڕادەیەك پەیامێكی گرنگ بوو بۆ بەرپرسانی توركیا، لەوەش گرنگتر ئەوەبوو دەمیرتاش هۆشداری دایە لایەنگرانی پارتەكەی گوتی "هیچ كوردێك نەچێتە شەقامەكان، چونكە ئەمەی دەگوزەرێت شەڕی ئێمە نییە!".
لە پاییزی 2013، كاتێ دیداری رۆژنامەڤانیم لەگەڵ دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە سازكرد، ئەوكات ماوەی مانگێك بو گرژی لەنێوان بزووتنەوەی گیولەن و حكومەتی ئاكپارتی سەریهەڵدابوو، بە تێوەگلانی دۆسیەی گەندەڵی، كاتێ لێمپرسی هەڵوێستی ئێوە لەكوێی ئەم شەڕەدایە، دەمیرتاش گوتی " ئەردۆغان و گیولەن شەڕی دەسەڵات دەكەن، ئەمە دوور و نزیك پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بێلایەنی خۆمان نیشانداوە".
بزووتنەوەی سیاسی كورد لە باكوور، هەمیشە گیولەنییەكانیان تۆمەتباركردووە بەوەی لەگەڵ حكومەتی ئاكپارتی ئەوكاتەی هاوپەیمان بوون، دەست و رۆڵی كارایان لە ئۆپەراسیۆنەكانی كەجەكەدا هەبووە. دۆسیەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەجەكە، دۆسیەیەكی سیاسییە و لەپاش هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی 2009، دەستیپێكرد كە نزیكەی پێنج ساڵی خایاند و دەستگیركردنی هەشت هەزار لە چالاكڤان و سیاسەتكاری لێكەوتەوە.
لێرەدا دەپرسین، ئایا ئێشگری دیموكراسی راستەقینە كامانەن؟ ئەگەر دەمیرتاش و ئەردۆغان جەخت لە دیموكراسی دەكەنەوە، باشە بۆ سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی ناسازێن.
بەفەرمیكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا
هەفتەی رابردوو، سەركونسوڵی توركیا لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بابەتی كردنەوەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنقەرە، لە رۆژەڤی هەردوولا دایە و وڵاتەكەشی بەگرنگییەوە لێی دەڕوانێت. وابڕیارە تاكۆتایی ئەمساڵ ئەمە جێبەجێبكرێت، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان پانزەهەمین نوێنەرایەتی خۆی لە ئەنقەرە دەكاتەوە، هەرچەندە توركیا دواكەوت لەم هەنگاوە، بەڵام دواجار كردنەوەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم، هەنگاوێكی گرنگ و دەستكەوتێكی دیپلۆماسی دەبێت.
توركیا وەك وڵاتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان، پێگەیەكی سیاسی، ئابووری و ستراتیژی گرنگی خۆی هەیە، دەروازەیەكە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت لە دۆسیەی وزە و پەیوەندی دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا، ئەگەر بێت و كودەتاكەكەی 15 ی تەمموز سەركەوتوو بووایە، ئەوا دەسەڵاتی سەربازی لەو وڵاتە باڵادەست دەبوو، كە خۆی دەكردە خاوەن بڕیار لەس یاسەتی ناوەوە و دەرەوە.
بەمەش هەم گورزێك لە دەستكەوتەكانی كورد لە توركیا بەتایبەت هەدەپە دەكەوت و، بەدوور نەدەبوو پارتەكەیان دابخرێت و سەرجەم پەرلەمانتاران دادگایی بكرابان، رووێكی نێگەتیڤیشی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەبوو، لەبەرئەوەی پەیوەندی هەرێم و توركیا لە 1991 تاوەكو هاتنی دەسەڵاتی ئاكپارتی، پەیوەندییەكی شاراوە و ئاڵۆز و بێبنەما بوو، پەیوەندییەكی نافەرمی بوو و لەگەڵ باڵی سەربازی توركیادا بووە، كارەكتەرە سەربازییەكان لەم پەیوەندییەدا خاوەن بڕیار بوون، بەڵام كاتێك ئاكپارتی هاتە سەر دەسەڵات، لەسەر پرەنسیپی بەرژەوەندی هاوبەش سیاسەتێكی نوێی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پەیڕەوكرد.
ئێستا پەیوەندییەكان فەرمین و سەردان و پڕۆتۆكۆڵەكان لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئاكپارتیدا بەڕێوەدەچن، بەمەش فۆرموڵەیەكی فەرمی وەرگرتووە. بەتایبەت لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ئەوكاتە دەسەڵاتی سەربازی خاوەن بڕیار بوو لە توركیا، هەرێمی كوردستانی بە "باكووری عێراق" ناودەبرد، بەڵام ئێستا بە هەرێمی كوردستان ناودەبرێین، لەوە گرنگتر لە ساڵی پارەوە، بەرپرسان و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتێك سەردانی توركیا دەكەن بە ئاڵای كوردستانەوە پێشوازییان لێدەكرێت.
كردنەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنقەرە، هەنگاوێكی گرنگە و تینێكی دیكە بە پەیوەندییەكان دەدرێت بەتایبەت بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان كە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێت، گرنگە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە پەیوەندییەكانی بەهێزتر بكات، لەكاتێكدا داهاتی هەرێمی كوردستان پشتی بە فرۆشتنی نەوتەوە بەندە، كە لەڕێگەی توركیاوە هەناردەی دەرەوەی دەكات.
هەرێمی كوردستان چ وەك پێكهاتەی سیاسی و سەربازی، هیچ كات مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری توركیا نەبووە، بۆیە كردنەوەی نوێنەرایەتی لە ئەنقەرە، پێدەچێت یەك لە گرنگترین نوێنەرایەتی بێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەو هەماهەنگییانەی لەنێوان هەردوولادا هەیە، ئەمەش تاڕادەیەك رەنگدانەوەی لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستان دەبێت، بەتایبەت بۆ باكووری كوردستان، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان هەمیشە رۆڵی ئاشتەوایی و دەستپێشخەری بۆ پڕۆسەی چارەسەری پرسی كورد گێڕاوە و، لە گشت ئاگربەستەكانیشدا رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان پەكەكە و توركیادا هەبووە.