ئەردۆغان: پڕۆسەکە ناکەینە قوربانیی یارییەکانی ئیمپریالیست و بەرژەوەندیی کەسی

 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە رایگەیاند، ئەزموونێکی باشیان هەیە و ئەمجارە بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەکی تاریک ئامادەن.
 
سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025،  لە پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی رادەستکردنی ژمارەیەک خانوو بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە و کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی دیکە کرد. 
 
ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێش کرد؛ بەشێکی گرنگی گوتەکانی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری بوو و رایگەیاند، ئەمجارە لە پڕۆسەکەدا ئەزموونێکی زۆریان هەیە و گوتی، ئەمجارە ناکەونە ئەو داوەی بۆیان دانراوەتەوە و پڕۆسەیەک کە بە عەقڵی دەوڵەت و ئەزموونی سیاسی دەستیان پێکردووە، نایکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکەکەسی و یاریی ئیمپریالیستی.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر پڕۆسەکە سەرکەوتوو بێت، بارۆنەکانی جەنگ و تیرۆر بە ئامانجەکانیان ناگەن و گوتی: "خەباتی ئێمە بۆ تۆکمەکردنی بەرەی ناوخۆیی، بە رووخاندنی دیواری تیرۆر کە لەسەر ژیانی منداڵەکانمان هەڵچنراوە، بە پێداگرییەوە بەردەوامە. برایەتیی ئێمە بەهێز دەبێت، خۆشەویستیمان زیاد دەکات، پشتیوانیمان گەشە دەکات. دەرگەی نوێ بۆ تورکیا و ناوچەکە واڵا دەبن".
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لە رۆژەڤی ئێمەدا رزگارکردنی تورکیا لە بەڵای تیرۆر هەیە کە نزیکەی نیو سەدەیە جەرگی وڵاتەکەمان دەسووتێنێت. ئێمە لەپێناوی تورکیایەک کە ئاگر نەکەوێتە ماڵان، دایکان بە ئازاری منداڵان نەسووتێن، بە پشوودرێژی و دڵسۆزییەوە کار دەکەین".
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ نزیکبوونەوەیان لە پڕۆسەکەدا، هێرشەکانی دژیان زیاد دەکات و گوتی: "ئەوانەی سوود لە خوێن، جەنگ و ناسەقامگیری وەردەگرن، لەم دواییانەدا خێراییان بە کەمپەینەکانیان داوە. 
 
ئەردۆغان گوتی:"لەلایەک هەوڵ دەدەن بە هەواڵی بێ بنەما خزمانی شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بێتاقەت بکەن، لەلایەکی دیکەش بە بڵاوکردنەوەی درۆی وەک "نووسینگەکانی موختاری دادەخرێن، گوندپارێزان بێکار دەبن" گەلەکەمان بێزار دەکەن. هیچ شتێک بە ناوی داخستنی نووسینگەکانی موختار لە ئارادا نییە".
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، هەندێک لایەن دڵسۆزییان لە پڕۆسەکەدا دەخەنە ژێر پرسیارەوە و بەمەش هەوڵی فیتنە دەدەن و گوتی: "ئەوان لە هەمان کاتدا، بە هاندانی لایەنگرانی رێکخراوەکە لە سووریا، پشتیوانی لە ئامانجەکانی زایۆنیزم دەکەن کە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن. واتە، هەموو کەرەستەکانی بەردەستیان خستووەتە گەڕ. درۆ، گێرەشێوێنی، بوختان و زانیاریی ناڕاست".
 
ئەردۆغان پەیامێکیشی ئاراستەی خانەوادەی ئەو سەربازانە کرد کە لە جەنگدا کوژراون و بریندار بوون و گوتی: "لێرەدا جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە، تا ئێستا لە هیچ کارێکدا نەبووین کە ڕۆحی شەهیدانمان بێزار بکات، بە ئیزنی خوا لە ئێستاوە بەدواشەوە نابین. تا ئێستا هیچ هەنگاوێکمان نەناوە کە کەمئەندامانی جەنگ بێزار بکات، لە ئێستاوە بەدواشەوە هەرگیز نایەنێین. هەرچییەک دەکەین، بۆ بەرزکردنەوەی ئەمانەتی ئەوان دەکەین".