ئەردۆغان: خوێندن، نووسین و گۆرانیگوتن بە زمانی کوردی لە تورکیا تاوان نین
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، خوێندن، قسەکردن و گۆرانیگوتن بە زمانی کوردی لە وڵاتەکە "تاوان نین." لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش دەڵێت، پەکەکە بووەتە هۆکاری کۆتاییهێنان بە پرۆسەکە.
سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی سەردانێکی بۆ ئێلیهی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش‌کرد و گوتی، "هەنگاومان ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە لەمێژینەکان، بەتایبەتی دەرهێنانی قسەکردن، گۆرانیگوتن، خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی لە لیستی تاوانەکان."
ئەردۆغان هەروەها باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و بە هەنگاوێک لەپێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان و بنبڕکردنی تیرۆر لە تورکیا ناوی برد، دەڵێت، "ئەم پرۆسە دروستە بەهۆی ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی خوێنڕشتن و چەکی هەڵبژارد، بۆیە کۆتاییهات. ئەو رێکخراوە زۆرترین باجی بە برا کوردەکانم داوە."
سەرۆکی تورکیا باسی لەوەشکرد، بوارەکانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکیان لە تورکیا فراوان کردووە. "بەردەوامیش دەبین لەسەر پشتگیریکردنی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان."
لە باسی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، ئەردۆغان گوتی، "ئەوە دەبینن، ئەو رێکخراوە کە لە تورکیا گۆڕەپانی جموجوڵی نەماوە، ئێستا هەوڵدەدات پشێوی لە باکووری عێراق و سووریا دروست بکات. ئەو رێکخراوە ئەوەندە هار و لەڕێ دەرچووە تەنانەت هێرشدەکاتە سەر حکومەتی رەوای باکووری عێراقیش." کە مەبەستی ئەردۆغان لە "حکومەتی رەوای باکووری عێراق" حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەو سەردانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری دەکرێنەوە، ئەردۆغان ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 سەردانی مێردین و ئێلیهی کرد و لە کردنەوەی هەر پرۆژەیەکدا گوتاری پێشکێش‌کرد. یەکێک لەو پرۆژانە بەنداوی ئڵسووە کە دەکەوێتە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان.
بەنداوی ئڵیسو لە چوارچێوەی پرۆژەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ناسراو بە پرۆژەی "گاپ" دروستکراوە کە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژە ستراتیژییەکانی تورکیا و لە ساڵی 1954ـەوە کاری بۆ دەکرێ.
پرۆژه‌ی گاپ له پێنج به‌نداوی گه‌وره له‌سه‌ر رووباری فورات و به‌نداوێك له‌سه‌ر رووباری دیجله پێكدێت و ده‌یان پرۆژه‌ی ئاودێری و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له خۆده‌گرێت و یه‌كێكه له ستراتیژیترین پرۆژه‌كانی ئاو له ناوچەکەدا. چاوەڕێ دەکرێت به‌هۆی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه كێشه‌ی كه‌مئاویی به‌رده‌وام بۆ عێراق و سووریا دروستبێت.
دروستکردنی بەنداوی ئڵیسو لەساڵی 1997 لەلایەن حکومەتی تورکیا رەزامەندی لەسەر درا؛ ساڵی 2008 له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه بەردی بناخه‌ی دانرا و لە 2018 بۆ گلدانەوەی ئاو ئامادە کرا، بەڵام بۆ ئەوەی شوێنەوارەکانی ناوچەکە ژێر ئاو نەکەون گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە دواخرا. دوای گواستنەوەی بەشێکی زۆری شوێنەوارەکانی حەسکێڤ لە ئێلیهـ، رۆژی 19-07-2019 دەستکرا بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکەدا.
رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2020 لە رێوڕه‌سمێكدا بە ئامادەبوونی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکكۆماری تورکیا کە له رێی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە به‌شداری کرد، یه‌كێك له شه‌ش تۆرباینەکانی بەنداوی ئڵیسو خرایە‌كار و له وێستگه‌ی هایدرۆئەلیكتریكی به‌نداوه‌كه ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با کرا.
بەگوێرەی کارنامەی حکومەتی تورکیا، دەبوایە هەر مانگیک تۆرباینێک بکەوێتە کار كه هه‌ر یه‌كێكیان توانای به‌رهه‌مهێنانی 200 مێگاوات كاره‌بای هه‌یه. بەمجۆرە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2021 تەواوی 6 تۆرباینەکانی ئڵیسو بخرێنەکار.
به‌نداوی ئڵیسو دوای به‌نداوه‌كانی ئه‌تاتورك، كاراكایا و كه‌بان، چواره‌م گه‌وره‌ترین به‌نداوە لەسەر ئاستی توركیا. له بناخه‌وه 135 مه‌تر به‌رزه، 24 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو دەگرێت و رووی به‌نداوه‌كه هه‌زار و 820 مه‌تر درێژه. پرۆژه‌کە 18 ملیار لیرەی تورکی (2.6 ملیار دۆلار)ی تێچووە.
مەبەستی سەرەکی لە دروستکردنی بەنداوی ئڵیسو، بەرهەمهێنانی وزە و ئاودێرییە، هەروەها کۆنترۆڵکردنی روودانی لافاوە لە تورکیا، بەڵام لە هەمانکاتدا هۆکاری ژێرئاوکەوتنی نزیکەی 199 گوندی باکووری کوردستان و راگواستنی نزیکەی 80 هەزار کەسیشە.