پیاوێک لە تورکیا خۆی دەکاتە کیسەی بۆکسینگ و خەڵک سترێسی خۆیانی پێ دەردەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

حەسەن رەزا گونەی لە ئیستەنبووڵ راهێنەری یاریی بۆکسینگە، مۆڵەتی فەرمی لە حکومەت وەرگرتووە بۆ ئەوەی خۆی بخاتە شوێنی کیسەی بۆکسینگ، تاوەکو مشتەرییەکانی بۆکس لە ئەو بدەن و سترێسی خۆیان بەتاڵبکەنەوە.
 
زۆربەی ئەوانەی دەچنە سەنتەرەکەی حەسەن ئافرەتن، سەردانیکەرانی بۆیان هەیە وێنەی کەسێ بخەنە سەر رووخساری راهێنەرەکە، بیدەنە بەر بۆکس بۆ ئەوەی رق و توڕەییان لەو کەسە بە راهێنەرەکە بەتاڵبکەنەوە. 
 
حەسەن یەکەم کەسە کە بەفەرمی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ئەو مۆڵەتەی پێدرابێت. 
 
ژنێک دەچێتە ژوورەوە وێنەی پیاوێک دەخاتە سەر سەری حەسەن و دەیداتە بەر شەق و بۆکس، نازانرێت ئەو پیاوە کێیە و چی لەگەڵ ژنەکە هەیە، بەڵام ئەو راهێنەرە دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی سەردانی دەکەن ئەو کەسانەن کە کێشەیان لەگەڵ کەسێک هەیە، یان دووچاری سترێس و خەمۆکی بوونە.
 
راهێنەرەکە رێژەی ژنانی لە سەنتەرەکەی زیادکردووە، دەڵێت، ژنان لە بۆکس و شەق وەشاندن توانای مێرمنداڵێکی 12 بۆ 13 ساڵانیان هەیە، زۆر زەرەری پێناگەیێنن، تەنیا 30٪ـی سەردانیکەرانی پاون، هەرچی پیاوە لەوانەیە تاوەکو خەم و سترێسەکەی بەتاڵ دەکاتەوە، حەسەنی راهێنەر تووشی دۆخێکی نەخوازراو بکات.