سەرۆکی جەهەپە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتی رایگەیاند، دۆسیەیەکی لێپرسینەوەی لەسەر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە تۆمەتی سووکایەتیکردنی بە سەرۆککۆمار کردووەتەوە.
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە بەشێکی راگەیێنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆزگور ئۆزەل لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەیدا لە ناوچەی عومرانییەی ئیستەنبووڵ قسەی نەشیاوی سەبارەت بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە. داواکاریی گشتی راشیگەیاندووە، شەقام لە هەر پێشهات و ئەنجامێک ئاگادار دەکەنەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، رۆژی چوارشەممە 5-11-2025 لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەیدا رووی دەمی کردە ئەردۆغان و گوتی: "لەمەودوا ئەگەر رێنماییت بەوانەی دەوروبەرت دا خاوەنداریی ئەو توتکە (گوجیلە) و سەگانەت بکە کە بە ئێمەوە سەرقاڵن".
ئاک‌پارتی: گوتەکانی ئۆزگور ئۆزەل ناشرینن و وەڵامی دەدەینەوە
عومەر چه‌لیک، گوتەبێژی ئاک‌پارتی له پۆستێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس نووسیویه‌تی: "سەرکۆنەی قسه ناشرین و بێڕێزییه‌كانی ئۆزگور ئۆزه‌ل، سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په به‌رامبه‌ر سهرۆككۆمارمان ده‌كه‌ین. گوتە ناشرین و بێڕێزییه‌كانی ئۆزگور ئۆزه‌ل به‌رامبه‌ر سه‌رۆككۆمار و ئه‌ندامانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، هێرشێكی سیاسییه. ئێمە لەڕووی سیاسی و یاساییەوە، به تووندترین شێوه وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه ده‌ده‌ینه‌وه. كه‌س ناتوانێت به‌ناوی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه به‌م شێوه‌یه هێرشی نادروست بکات. ئۆزگور ئۆزه‌ل وه‌ڵامی سیاسی و یاسایی وه‌رده‌گرێت كه نیشان ده‌دات سهرۆككۆمارمان هێڵی سووری هه‌ره گرنگ و بنه‌ڕه‌تیی ئێمه‌یه".
وەزیری دادی تورکیا: سەرۆکی جەهەپە سنووری بەزاندووە
یڵماز تونچ، وه‌زیری داد، له راگه‌یه‌ندراوێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس رایگه‌یاند: "ئۆزگور ئۆزەل لەو گوتانەیدا لە سنوور لایداوە؛ ئەو سه‌رۆككۆمار و ئه‌ندامانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی بە ئامانج گرتووە."
وه‌زیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، داواكاری گشتیی ئه‌نقه‌ره و ئیستەنبووڵ به تۆمه‌تی "سووكایه‌تیكردن به سه‌رۆككۆمار" و "سووكایه‌تیكردن به كارمه‌ندانی گشتی له‌كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیاندا" به‌گوێرەی یاسای سزادانی توركیا، دەستی بە لێكۆڵینه‌وه کردووە.
تونج گوتی: "هه‌ڵسوكه‌وتی ئاستنزم، ناشرین و دوژمنكارانه‌ی سه‌رۆكی جه‌هه‌په، نه‌ك هه‌ر بێ ره‌وشتیی سیاسییه، به‌ڵكو بێڕێزییه‌كی گه‌وره‌شه به‌رامبه‌ر نەریتی ده‌وڵه‌ت و به‌ها هاوبه‌شه‌كانی گه‌له‌كه‌مان".
ئه‌فكان ئالا، یاریدەدەری سه‌رۆكی ئاكپارتیش، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی قسەکانی سەرۆکی جەهەپەی دایەوە و نووسی: "ئۆزگور ئۆزه‌ل، سه‌رۆكی جه‌هه‌په، پێداگرە لەسەر دابه‌زاندنی ئاستی سیاسه‌ت. زمانی ناشرین، جیاكاری و ئاست نزمی سیاسه‌ت، به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ها بنه‌ڕه‌تی و چاوه‌ڕوانییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان یه‌ك ناگرنەوە. رێگه بە م جۆره لێدوانه بێ ئاستانه له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا نادەین".
حه‌یاتی یازجی، یاریدەدەری سه‌رۆكی ئاكپارتی، له پۆستێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس نووسیویه‌تی: "سه‌رۆكی جه‌هه‌په كه قسه و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی بوونه‌ته مایه‌ی شه‌رمه‌زاری، به‌ناوی سیاسهتەوە ئەمانە دەکات. جەهەپە ده‌بێت گرنگی به كۆبوونه‌وه‌ی سیاسی، به‌ڕێوه‌بردن، به‌رهه‌مهێنانی پڕۆژه و پێشەنگبوون بدات. لێدوان و هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانەی، نیشانه‌ی داڕمانن. وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك، له هه‌ر لایه‌كه‌وه سه‌یری ئه‌م دۆخه دڵته‌زێنه بكه‌یت، ته‌نیا یه‌ك شت ده‌گوترێت، جێگه‌ی داخه، زۆر جێگه‌ی داخه. وه‌ك ئاكپارتی، دژی ئه‌م ناشرینییه كه له رووی ئه‌خلاقی و سیاسییه‌وه كێشه‌یە. له بواری یاسایی و سیاسی‌دا تاوەکو كۆتایی ده‌جه‌نگین".
فارووق ئاجار، کە یاریدەدەرێکی دیکەی سه‌رۆكی ئاكپارتی، له پۆستێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی ئۆزه‌ل، سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په، نیشان داوه.
ئاجار دەڵێت: "لێدوانه‌كانی ئۆزگور ئۆزه‌ل، سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په به‌رانبه‌ر سه‌رۆك كۆمارمان، نوێترین نموونه‌ی بێ ئاستی و سنووربەزێنییە. ئۆزه‌ل كه به زمانی گرژی و هه‌ڕه‌شه وا ده‌زانێت سیاسه‌ت ده‌كات، ئێستاش درێژە بە هه‌مان زمانی ناشرین دەدات. هه‌موو گوتەیەک كه ئاراسته‌ی سهرۆككۆمارمان ده‌كرێت، هێرشێكه بۆ سه‌ر ویستی ئه‌م گه‌له".
فارووق ئاجار هەروەها دەڵێ: "هیچ كه‌سێك، پله‌وپایه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت، ناتوانێت بوێریی ئەوە بكات کە زمان درێژی بەرامبەر سهرۆككۆمارمان بکات. با هه‌موو كه‌سێك سنوور و شوێنی خۆی بزانێت".
سكرتێری گشتیی ئاكپارتی بۆ ئوزەل: نەتتوانی ببیتە سەرۆک
ئه‌یوب كادیر ئینان، سكرتێری گشتیی ئاكپارتی، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس نووسیویه‌تی: "نه‌تتوانی ببیت به سه‌رۆك، هه‌وڵده‌ده‌یت تۆڵه‌ی تووڕه‌یی خۆت به پڕوپاگه‌نده و ناوزڕاندن بسێنیته‌وه! كه‌سێك كه سووكایه‌تی به سه‌ركرده‌ی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌م گه‌له ده‌كات، پێی ناگوترێت سیاسی، به‌ڵكو كه‌سێكی بێ ئه‌ده‌بی بێ كه‌سایه‌تییه. ته‌نیا شتێك كه له ده‌می دێته ده‌ره‌وه رقه، تاکە سهرمایهشت ناوزڕاندنه".
چاوەڕێ دەکرێ داواکاری گشتی ئەنجامی لێپرسینەوەکە بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە.